فیلمی خانمە هونەرمەندێکی کورد لە فێستیڤاڵی جیهانی ''کان'' خەڵاتی وەرگرت

K24 - واشنتن:

کورتە فیلمی پەپولەی رەش لە دەرهێنانی خانمە هونەرمەندی کورد "شیرین جیهانی" بە یەکێک لە باشترین پێنج کورتەفیلمی فێستیڤاڵی کان دەسنیشانکرا و رێزلێنانی تایبەتی فێستیڤاڵەکەی پێشکەش کرا.

سەرپەرشتیاری فیلمەکە، ''عیسا مێرگەسۆری'' دەربارەی کورتە فیلمی ''پەپوولەی رەش'' بە کوردستان24ی راگەیاند، ''کورتە فیلمی ''پەپوولەی رەش'' نوێتریین بەرهەمی سینەماکاری کورد شیرین جیهانییە کە لە شاری ڤانکۆڤەری کەنەدا بەرهەمهاتووە و باس لە رەگەزپەرەستی و جیاکاری لە نێوان مرۆڤەکاندا دەکات.

دەرهێنەری فیلمەکە ''شیرین جیهانی'' سەبارەت بە ناوەڕۆکی نوێترین بەرهەمی بۆ کوردستان24 دواو و گوتی: ناوەڕۆکی فیلمەکەم باس لە دیاردەی رەگەزپەرەستی و هەڵاواردنی مرۆڤەکان دەکات لەبەر هۆکارگەلی وەک رەنگ، رووخسار و..هتد، بەڵام چیرۆک و بەسەرهاتی فیلمەکە وێستگەیەکی سەرنجڕاکێش دەگێڕێتەوە و پێچەوانەکەی دەردەخات.

جیهانی ئاماژەی بەوەشدا، ماوەی فیلمەکە 15 خوولەکە و بە زمانی ئینگلیزییە و لەلایەن تیمێکی بەتوانای کەنەدی بەرهەمهاتووە کە چەند ئەستێرەیەکی دیاری سینەمایی شاری ڤانکۆڤەر تێیدا رۆڵدەگێڕن.

فێستیڤاڵی سینەمایی ''کان'' کە لە فەرەنسا بەڕێوەچوو ئەمساڵ لە 26 وڵاتی جیهانەوە چەندین فیلم بۆ فێستیڤاڵەکە نێردرابوون، لە نێویاندا تەنیا 100 فیلم هەڵبژێردران و لە نێو ئەو بەرهەمانەدا کورتە فیلمی ''پەپوولەی رەش'' بە یەکێک لە باشترین پێنج کورتەفیلمی فێستیڤاڵەکە دەستنیشانکرا و رێزلێنانی تایبەتی فێستیڤاڵەکەی پێشکەشکرا.

شیرین جیهانیی لە شاری مەهاباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، یەکەم فیلمی سینەمایی خۆی لە ساڵی 2006 بەرهەمهێناوە، ئەو فیلمە لە فێستیڤاڵی کاتانزارۆی باشووری ئیتاڵیا خەڵاتی یەکەمی بەدەستهێنا، هەروەها خاوەنی دەیان بەڵگە فیلم و چەند کورتەفیلمێکە، لەوانە: فیلمی ''Under Black''  و ''Orang man dreams'' و کورتە فیلمی (یادی)، فیلمەکانی شیرین لە هەندێک فێستیڤاڵی جیهانی لەوانە فێستیڤاڵی کورتەفیلمی  ''peace''ـی تۆرنتۆ، لەندەن، ڤانکۆڤەر، تالی لە ئەمریکا و پوونە لە هێندستان خەڵات و رێزلێنانیان پێ بەخشراوە.