بانكی ناوه‌ندی عێراق له‌سه‌ر به‌های دۆلار بڕیاریدا

بانكی ناوه‌ندی عێراق
بانكی ناوه‌ندی عێراق

K24 – هه‌ولێر:

بانكی ناوه‌ندی عێراق هه‌ڵوێستی كۆتایی خۆی له‌باره‌ی پرسی نرخی دۆلاره‌وه‌ ئاشكراكرد و رایگه‌یاند، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پلانی ده‌ستكاریكردنی نرخی دۆلاریان نییه‌ و بۆ چه‌ند ساڵی داهاتووش، نرخی دۆلار به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستا ده‌مێنێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ (10ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، مسته‌فا غالب موخیف، پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی عێراق ئاشكرایكرد، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستكاری به‌های دۆلار ناكه‌ن و پلانیان نییه‌ بۆ ساڵانی داهاتووش نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر دیناری عێراقی به‌شێوه‌ی ئێستا به‌رده‌وام‌ ده‌بێت.

پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی عێراق، له‌ گوتارێكدا له‌میانی كۆنگره‌ی گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ ئابووری، بازرگانی و وه‌به‌رهێنانی نێوان عێراق و به‌ریتانیا له‌ دوبه‌ی رایگه‌یاند، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستكاری به‌های ئێستای دراو ناكه‌ین و له‌ چه‌ند ساڵی داهاتووشدا، به‌های دۆلار وه‌كو ئێستا ده‌مێنێته‌وه‌.

پێشتریش جه‌مال كۆچه‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ كوردستان24ی راگه‌یاندبوو، بەهای دۆلار لە بودجەدا بە جێگیری دەمێنێتەوە و هیچ گۆڕانکارییەک ناكرێت، بانکی ناوەندیش بەرپرسیارە لەم سیاسەتە و بۆچوونی خۆی له‌وباره‌یه‌وه‌ خستۆتەڕوو.

هه‌روه‌ها رۆژی (9ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، ئیحسان ئەلیاسیری، راوێژكاری بانكی ناوه‌ندی عێراق ئاشكرایكرد، یەدەگی نەختینەیی له‌ عێراق گه‌یشتووه‌ته‌ 89 ملیار و 90 ملیۆن دۆلار، كه‌ له‌ مێژووی بانكی ناوه‌ندی عێراقدا، یه‌كه‌مجاره‌ ئه‌و ئاسته‌ تۆماربكات و پێشبینیشی كرد، ئەم یەدەگه‌ لە کۆتایی ئەمساڵدا بەربەستی 90 ملیار دۆلار تێپەڕێنێت.