ئاماری زیانە گیانییەکانی دوو فڕۆکە ئەمەریکییەکە راگەیەندرا

K24 - هەولێر:

لە باشووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ویلایەتی تێکساس، دوو فڕۆکەی جۆری Boeing B-17 و Bell P-63ی لە ئاسماندا بەریەککەوتن و کەوتنەخوارەوە، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان لانیکەم شەش کەس گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی فڕۆکەوانیی فیدراڵیی (FAA)، رووداوەکە لە میانی نمایشی ئاسمانیی لە فڕۆکەخانەی ئیکسکیوتیڤ لە شاری داڵاس روویداوە.

هانک کواتس، بەڕێوبەری کۆمەڵەی (یادی هێزی ئاسمانی) لەو بارەیەوە رایگەیاند، لە رووداوەکەدا لانیکەم شەش کەس گیانیان لەدەستداوە، ژمارەی سەرنشینەکانی فڕۆکەی Boeing B-17 لە گەشتێکی لەوجۆرەدا چوار بۆ پێنج کەسە و پێدەچێت فڕۆکەی Bell P-63 تەنیا فڕۆکەوانێکی تێدابووبێت.

ئاژانسی فرانس پرێس لە هەواڵێکدا ئاماژەی بەوەدا، مێژووی هەردوو فڕۆکەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانی و، لەو دیمەنانەی کە لەلایەن جەماوەری ئامادەبووەوە تۆمارکراون و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، دوای ئەوەی دوو فڕۆکەکە بەریەککەوتوون، کەوتوونەتەخوارەوە و ئاگریان گرتووە.