حەوتەمین فێستیڤاڵى نێودەوڵەتی شانۆى هەولێر بەڕێوەدەچێت

دیمه‌نێكی فێستیڤاڵه‌كه‌
دیمه‌نێكی فێستیڤاڵه‌كه‌

K24 – هه‌ولێر:

بە چاودێرى وەزارەتی ڕۆشنبیرى و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێوارەى ڕۆژى شەممە (١٢ـى تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەرى ٢٠٢٢)، لە "هۆڵى پێشەوا" لە وەزارەتی ڕۆشنبیرى و لاوان، حەوتەمین فێستیڤاڵى نێودەوڵەتی شانۆى هەولێر دەستی بە کارەکانی کرد و بڕیارە تا (١٨ى تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەرى ٢٠٢٢) بەردەوام بێت.

فێستیڤاڵەکە بە ئامادەبوونی، ئومێد خۆشناو، نوێنەرى سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د. سالار عوسمان، بریکارى وەزارەتی ڕۆشنبیرى و لاوان، خەلیل عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتی دیوان، فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی حكومی، هونەرمەند و گرووپەکانی شانۆ لە ناوخۆ و دەرەوەى هەرێمی کوردستان ئامادە بوون.

لە دەستپێکی کارەکاندا، وتارى بەخێرهاتن لە لایەن بەڕێوبەرى شانۆى هەولێر، هیوا سوعاد پێشکەش کرا و دواتر چەند چالاكییەك پێشكەش كران، وەك تابلۆی هەڵپەڕكێ و نمایشی شانۆگەریی "شالیر و جادووگەرانی ماكبێس" و هەروەها رێز لە هونەرمەند "سەباح عەبدولڕەحمان" نرا.

فێستیڤاڵەکە  لە لایەن بەشی شانۆی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، سەرپەرشتی دەكرێت.

جگە لە تیپ و گرووپەکانی شانۆی هەرێمی کوردستان، گرووپێکی شانۆکارانی شارى دیاربەکرى باکوورى کوردستانیش بەشداریان کردووە.

هەروەها گرووپى شانۆیی لە وڵاتانی "ڕووسیا، ئۆکراینا، میسر، سووریا، تونس، سوڵتاننشینی عومان و ئێران" بەشدارن و حەوت ڕۆژ نمایشى بەرهەمە شانۆییەکانیان دەکەن.

پۆسته‌ری فێستیڤاڵه‌كه‌
پۆسته‌ری فێستیڤاڵه‌كه‌