حاتم عێراقی لە هەولێر کۆنسێرتێک سازدەکات

حاتم العراقی
حاتم العراقی

K24 - هەولێر

بڕیارە حاتم عێراقی، هونەرمەندی ناوداری عێراقی، لە شاری هەولێر کۆنسێرتێكی گۆرانی و میوزیک ئەنجامبدات.

لەوبارەوە لەیلا جەمال، رێکخەری کۆنسێرتەکە بە کوردستان24ی گوت: "لە 25/12/2022، بەبۆنەی جەژنەکانی لە دایکبوون و سەری ساڵی نوێیەوە، لەهۆڵی وایت لە شاری هەولێر کۆنسێرتێك بۆ هونەرمەند حاتم عێراقی سازدەکەین".

ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆنسێرتەکەدا چەند بڕگە و بابەتی هەمەڕەنگ پێشکەشدەکرێن.

لەیلا گوتیشی: "حاتم عێراقی ماوەیەکی زۆر هیچ کۆنسیێرت و ئاهەنگێكی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام نەداوە، بەڵام زۆر خۆشحاڵ و شادومانە، کە لە شاری هەولێر ئاهەنگێک بۆ هەوادارانی خۆی سازدەکات، لەم کۆنسێرتەدا نوێترین گۆرانییەکانی خۆی پێشكەش دەکات، لەگەڵ چەپێک لە گۆرانییە کۆنەکانی".

هونەرمەند حاتم عێراقی، لە ساڵی 1969 لە بەغدا لە دایکبووە، کە بە عەندەلیبی عێراق ناسراوە، هەروەها بە پاشای مەوالی عێراقی ناوبانگی دەرکردووە، ناوبراو تاوەکو ئێستا زیاتر لە 30 ئەلبوومی گۆرانی بڵاوکردووەتەوە.