دەبێت بابەتی بوودجە، نەوت و خاک لەنێوان هەولێر و بەغدادا چارەسەر بکرێن

زاڵمای خەلیلزاد
زاڵمای خەلیلزاد باڵیۆزی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە عێراق
زاڵمای خەلیلزاد باڵیۆزی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە عێراق

K24 – هەولێر

زاڵمای خەلیلزاد باڵیۆزی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە عێراق، لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی ئەگەر "خواست و نییەت" هەبێت، تەواوی کێشەکانی نێوان هەریمی کوردستان و عێراق چارەسەر دەکرێن، گوتی: دەبێت بابەتی بوودجە، نەوت و خاک لەنێوان هەولێر و بەغدادا چارەسەر بکرێن.

خەلیلزاد لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24، بە پێویستی دەزانێت حکومەتی عێراق ئەو نییەتە بۆ خەڵکی خۆی و جیهان نیشان بدات کە پرسی ئاسایش و یەکگرتوویی خاکی خۆی بەهەندوەردەگرێت و دەیپارێزێت.

ئەو سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمدواییەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و پرسی پاراستنی سەروەری عێراق لەلایەن حکوومەتی بەغداوە، گوتی: ئەگەر عێراق ئامرازەکانی بۆ پاراستنی خۆی لەبەردەستدا نەبێت، پێویستە داوای هاوکاری لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات.

کوردستان24: دۆخی عێراق و پێکهێنانی حکومەتی نوێ لەو وڵاتەدا و پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

زاڵمای خەلیلزاد: زۆر سوپاس بۆ ئەو میواندارییە و مایەی خۆشحاڵییەکی گەورەیە دیسان من لە کوردستانم. سەبارەت بە حکومەت و ئەو نیگەرانیانەی لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دەتوانم بڵێم هێشتا زووە بڕیاری لەسەر بدەین. تا ئێستا و لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا لێکتێگەیشتنی باش لەنێوانیاندا هەیە و پێویستە بزانین لە ماوەی شەش مانگ یان ساڵێک ئەو پەیوەندییە چۆن دەبێت، ئایا حکومەتی عێراق ئەو رێککەوتنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکات کە لەسەر بنەمای ئەو، حکومەتی نوێ پێکهاتووە و هەروەها لێکتێگەیشتنێکیش بۆ جێبەجێکردنی دەستوور ئیمزاکراوە. پێویستە چاوەڕێ بکەین و ببینین. دەبێ بابەتی بوودجە، نەوت و خاک لەنێوان هەولێر و بەغدادا چارەسەر بکرێن. هەروەها پێویستە حکومەت کارا بێت و وەک پێویست پارێزگاری لە خاکی عێراق بکات، لەناویشیدا هەرێمی کوردستان لە دژی هەڕەشەکانی دەرەکی بپارێزێت و بە شێوەیەکی یەکسان خزمەتگوزاری بۆ خەڵک دابینبکات.

کوردستان24: ئەو پرسانەی ئاماژەت پێدان زۆر گرنگن، بەڵام لە ساڵی 2003ـوە چارەسەر نەکراون. وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش گوتی ئەوە دوایین چانسی حکومەتی بەغدایە. پێتوایە حکومەتی عێراق توانای چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی هەیە؟

زاڵمای خەلیلزاد: بەڵێ، ئەگەر خواست و پابەندییەک هەبێت لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ چارەکردنی ئەو کێشانە، بەدڵنیاییەوە ئەمە دەکرێت. ئەمە دەبینین کە گۆڕانکاری روودەدات و بەرەوپێشوەچوون هەیە و هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەندرێت کە ئاماژەمان پێدا. هەندێ جار لە رابردوودا رێککەوتن کراون، بەڵام جێبەجێنەکراون، لەبەر ئەوەی خواستێک بۆ جێبەجێکردنیان نەبووە. ئومێد و خواستی ئێمە ئەوەیە ئەمجارە رێککەتنەکە جێبەجێبکرێت.

کوردستان24: لەو کاتەوە کە تۆ چاودێری دۆخی عێراق دەکەی، بینیوتە پابەندییەک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە هەبێت و رێککەوتنەکان جێبەجێکرابن؟

زاڵمای خەلیلزاد: باشترە باسی ئێستا بکەین. من ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق باش دەبینم و هیوادارم زۆریش باشتربێت. پەیوەندییەکان لە رابردوودا باش نەبوون و رێککەوتنەکان جێبەجێنەکراون و بە بەردەوامیی دەستوور پێشێلکراوە، بەڵام ناکرێ ئێستاش بڕیار لەسەر پەیوەندی و رێککەوتنە نوێیەکە بدەین. رەنگە ئەو حکومەتە جیاواز بێت و عێراقییەکانیش هەر ئەوەیان دەوێت. حکومەتی عێراق لە رابردوودا نەیتوانی خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵکەکەی بکات، با بزانین ئەو حکومەتە چۆن رووبەڕووی گەندەڵی دەبێتەوە. حکومەتی نوێ کۆمەڵێک ئاڵنگاری گەورەی لەپێشە، راستە ئێستا نرخی نەوت بەرزە و دەتوانن داهاتنی باشیان هەبێت و بیخەنە خزمەتی خەڵکەوە، بەڵام حکومەتی نوێی عێراق لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە کە بتوانێ خزمەتگوزاری باش پێشکەشبکات.

کوردستان24: پرسێکی دیکەی گرنگە هەیە، خۆت دەزانی کە دوو رۆژ لەمەوبەر دیسان سەروەری عێراق لەلایەن وڵاتیکی دراوسێوە پێشێلکرا، بەڕای تۆ بیانووەکانی ئەو وڵاتانە بۆ پێشێلکردنی سەروەری عێراق چییە؟

زاڵمای خەلیلزاد: بەراستی ئەمە مایەی نیگەرانییەکی زۆرە، عێراق بەرپرسیارێتییەکی لەسەر شانە و ئەویش پاراستنی سەروەری و خاکی خۆی و هەرێمی کوردستانە. ئایا ناتوانێ بیکات، یان کەمتەرخەمی کردووە؟ ئەمە کێشەیە، بەڵام دەبێ عێراق سەروەی خاکی خۆی بپارێزێت و ئەمە بەراستی ئاماژەیەکی مەترسیدارە. دەکرێ عێراق بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی هەنگاو بنێت. ئێران بەشدارە لە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق.

کوردستان24: پرسەکە ئەوەیە، ئایا عێراق ناتوانێ یان نایەوێت سەروەری خۆی بپارێزێت؟

زاڵمای خەلیلزاد: پرسەکە ئەوەیە ئایا حکومەتی بەغدا ئیرادەی چارەسەرکردنی کێشەکان و لەناویاندا پێشێلکردنی سەروەری خاکەکەی هەیە؟ ئێران رۆڵێکی کاریگەری لەسەر پێکهێنانی ئەو حکومەتە هەبووە، رەنگە هەر لەبەر ئەوش بێت کە نەتوانن وەک پێویست هەڵوێست وەربگرن. بابەتەکە پەیوەندی بە نییەتەوە هەیە، بەڵام دەبێ ببینین و بزانین حکومەتی عێراق چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم هێرش و پێشێلکارییانە دەکات. پێویستە حکومەتی عێراق ئەو نییەتە بۆ خەڵکی خۆی و جیهان نیشان بدات کە پرسی ئاسایش و یەکگرتوویی خاکی خۆی بەهەندوەردەگرێت و دەیپارێزێت. ئەگەر ئامرازەکانی بۆ پاراستنی خۆی لەبەردەستدا نەبێت، پێویستە داوای هاوکاری لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات.

کوردستان24: ئەو پێشێلکاریانە دەکرێن و تا ئێستاش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگە و هەنگاو نانێت، جگە لە سەرکۆنەکردن نەبێت. کەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دێتە سەر هێڵ و وەڵامی بۆ ئەو پێشێلکارییانە دەبێت؟

زاڵمای خەلیلزاد: پێویستە سەرەتا عێراقییەکان ئەو داوایە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکەن، ئەگەر عێراق ئامرازی پێویستی بۆ پاراستنی سەروەری خۆی لەبەردەستدا نییە، دەبێ داوای هاوکاری لە کۆمڵگەی نێودەوڵەتی بکات. گرووپی هاوکاری ئێران لە ناو عێراق و حکومەتەکەی دان و بۆیە ئەگەر حکومەتی دژی ئەو گرووپانە بجووڵێت، رەنگە ناسەقامگیرییەک دروست بێت. پرسەکە تۆزێک لەوە ئاڵۆزترە وەک لەوەی دەردەکەوێت. ئەگەر عێراق بەلایەوە ئاساییە هێز و گرووپی میلیشای ئێرانی لە خاکەکەیدا هەبێت، ئەمە شتێکی دیکەیە. هەر کاتێک عێراق داوای لە هاوپەیمانەکانی بکات، ئەو کات ئەوان دەتوانن هەنگاو بنێن.

کوردستان24: پێشتر سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، عێراق داوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی کرد، کۆبوونەوەکە کرا، بەڵام هیچ شتێک رووینەدا.

زاڵمای خەلیلزاد: کاتێک پرسەکە دێتە سەر ئەو هێرشانە، پێویستە حکومەت پێداگر بێت و هەنگاوی زیاتر بنێت بۆ ئەوەی رێگری بکات، نەک تەنیا داوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەک بکات، بەڵکو دەبێ بەدواداچوون بۆ پرسەکە بکات و لەسەر داواکەی رژد بێت. بۆیە پێموایە نییەت و پابەندی حکومەتی عێراق بۆ پاراستنی سەروەری و خاکی خۆی، خاڵێکی گرنگە کە دەبێ هەڵوەستەی لەسەر بکرێت.