له‌ باره‌ی ئێرانه‌وه‌ بێده‌نگی بۆ كورد راستترین سیاسه‌ته‌

پیته‌ر گاڵبرێس:
پیته‌ر گاڵبرێس، دیپلۆماتكاری پێشوو و شیكه‌ره‌وه‌ی سیاسی
پیته‌ر گاڵبرێس، دیپلۆماتكاری پێشوو و شیكه‌ره‌وه‌ی سیاسی

K24 – هه‌ولێر:

دیپلۆماتكار و باڵیۆزی پێشووی ئه‌مه‌ریكا له‌ كرواتیا، پیته‌ر گاڵبرێس، له‌ چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌تییدا له‌گه‌ڵ كوردستان24 رایگه‌یاند، باشترین سیاسه‌ت ئێستا كورد بیگرێته‌ به‌ر بێده‌نگبوونه‌ له‌ باره‌ی دۆخی ئێرانه‌وه‌، چونكه‌ دۆخی ئێران لەلایەن گەلی ئێرانەوە یەکلایی دەکرێتەوە، بەستنەوەی خۆپیشاندەکان بە کوردەکانەوە، رەنگە شتێکی یارمەتیدەر نەبێت، سه‌باره‌ت به‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی توركیاش گوتی: پێناچێت ئه‌و كرده‌یه‌ په‌كه‌كه‌ و هه‌سه‌ده‌ ئه‌نجامیان دابێت، چونكه‌ هیچ ده‌ستكه‌وتی بۆیان نییه‌، به‌ڵام زۆر شتیان هه‌یه‌ له‌ ده‌ستی بده‌ن.

ده‌قی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌:

پرسیار: چۆن ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەری لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت؟

پیته‌ر گاڵبرێس: ئەو گۆڕانکارییانەی، کە روودەدەن لە جیهان بەدڵنیایەوە کاریگەری دەبێت لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان، لەلایەکەوە ئێران کە دراوسێیەکی گرنگی عێراقە، ئێستا لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا بارودۆخێکی هەیە، خۆپیشاندانێکی بەرفراوان لەئارادایە، کە دوو ئەگەری هەیە، یان سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران یان ئەنجامدانی گۆڕانکاری.

بە بڕوای من داهاتووی ئێران ناڕوونە، بەڵام تاکە شتێک کە روونە، ئەوەیە کە رژێمی ئێران پشتگیری گەلی ئێرانی نییە، خەڵکی ئێران بڕوایان بە سیستەمەکە نەماوە، لە راستیدا پێموایە کەس باوەڕی بە سیستەمەکە نەماوە، ئەوەش بۆچوونی من بوو لە 2015 سەبارەت بە ئێران، کاتێک گەل باوەڕی بە سیستەمی حوکمڕانی نامێنێت، زوو یان درەنگ سیستەمەکە دەڕوخێت، ئەمە چیرۆکی کۆمۆنیزمە، دوای 1986 کەس باوەڕی بە کۆمۆنیزم نەما وەک ئایدۆلۆژیایەک، هەرچەندە 21 ساڵی ویست تا رووخا، بەڵام سیستەمەکە هەر رووخا، وابزانم هەمان چیرۆک لە ئێران دەبینیتەوە، ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ناوچەکە دەبێت.

تورکیا، وڵاتێکی دیکە کە کاریگەریی گەورەی لەسەر ناوچەکە هەیە، ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی لەپێشە، هێشتا دیارنییە ئەنجامەکان چۆن دەردەچن، تورکیا سەقامگیرترە، بەڵام جەنگی ئۆکرانیا ئازادییەکی زیاتری داوە بە ئەردۆغان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەمەش لەبەر ئەوەی تورکیا ئەندامێکی گرنگی ناتۆیە و، رۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە رێککەوتنی هەناردەی دانەوێڵە کە خواردن بە جیهان دەدات.

لە سووریاش کە جەنگەکە نزیکەی 11 ساڵە درێژەی کێشاوە، نزیکە لە تەواوبوون، ئەنجامە سیاسییەکان روونن، رژێمی ئەسەد دەمێنێتەوە، بەڵام هێشتا دیارنییە لە باکووری رۆژئاوای سووریا چی روودەدات، رەنگە دۆخەکە وەک خۆی بمێنێتەوە تا ئەوکاتەی ئەمەریکا لەوێ بمێنێتەوە.

پرسیار: لەگەڵ ئەو هەموو گۆڕانکارییانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕستدا روودەدەن، حکومەتی نوێی عێراق پێکهێنراوە و لە ئێران خۆپیشاندانە، بەڕای تۆ کورد چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسانەدا بکات؟

پیته‌ر گاڵبرێس: بە بڕوای من کوردەکان هاوسۆز دەبن لەگەڵ خەڵکی ئێران، بەڵام رەنگە باشترین سیاسەت بێدەنگبوون بێت، دۆخی ئێران لەلایەن گەلی ئێرانەوە یەکلایی دەکرێتەوە، بەستنەوەی خۆپیشاندەکان بە کوردەکانەوە، رەنگە شتێکی یارمەتیدەر نەبێت، راستە خۆپیشاندانەکان بە مەرگی کچێکی کورد دەستیپێکرد، بەڵام بەراستی ئەمە خۆپیشاندانێکی ئێرانیانەیە، ئەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەتوانن بیکەن، ئەوەیە کە تەماشای دۆخەکە بکەن و هاوسۆزی خۆیان دەرببڕن، لەبەرئەوەی ئەمە لەدەرەوەی ئێرانەوە بڕیاری لێنادرێت، بەڵکو لەلایەن خەڵکی ئێران خۆیەوە بڕیاری لێدەدرێت.

پرسیار: پێتوایە پەیوەندی نێوان سووریا و تورکیا ئاساییدەبێتەوە دوای ئەو هەموو دەستێوەردانانە؟

پیته‌ر گاڵبرێس: بە بڕوای من پەیوەندییەکە بەرەو ئەو ئاڕاستەیە دەچێت، هەندێ هەماهەنگی لەنێوان لایەنەکاندا هەیە، بەتایبەتیش لە دەوروبەری ئیدلب، کە ئەسەد دەیەوێت کۆنترۆڵی شارەکە بگەڕێنێتەوە ژێر رکێفی خۆی، رەنگە رەزامەندی تورکیای وەرگرتبێت، بەڵام ئەم هەماهەنگییە دەشێت کێشە دروستبکات، هەم بۆ ئیدارەی سەربەخۆ و هەم بۆ سنوورەکانیش.

پرسیار: دوای تەقینەوەکەی شەقامی ئیستقلال لە ئیستانبوڵ، لەو باوەڕەدایت تورکیا ئۆپەراسیۆنی دیکە لە باکووری سووریا ئەنجامبدات؟

پیته‌ر گاڵبرێس: ترسی ئەوەم هەیە ئەردۆغان، ئەم رووداوە وەک پاساوێک بەکاربهێنێت، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە نییە کە ئاماژە بەوەبدەن، پەکەکە یان هێزەکانی سووریای دیموکرات لەپشتی تەقینەوەکە بوون، ئەوان هیچ لەو تەقینەوەیە بەدەستناهێنن، بەڵام هەموو شتێکیان هەیە کە لەدەستی بدەن، رەنگە کردەی کەسێکی نەخۆش بێت، تێبینی ئەوەشم کرد کە لێکۆڵینەوە لەگەڵ سیاسییەکی تورکی راستڕەودا دەکەن، بۆیە نازانین کێ لە پشتی تەقینەوەکەوە بووە، بەڵام بە دڵنیاییەوە، بڕیاری سەرۆکایەتی پەکەکە یان هێزەکانی سووریای دیموکرات نەبووە.

پرسیار: داهاتووی کورد لەم ناوچەیە چۆن دەبینیت؟

پیته‌ر گاڵبرێس: ئەگەر باس لە کوردەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەیت، لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە بەغدا، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق ئامادەیی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بە دڵنیایەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و نێچێرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازییان لەو نییەتە کردووە. بەڵام جیاوازییەک لە بنەماکان هەیە، عێراق تا ئێستا دەستووری جێبەجێ  نەکردووە، عێراقییەکان گفتوگۆ لەبارەی بڕیاری دادگەی باڵاوە دەکەن، بەڵام دادگەکە خۆی یاسایی نییە، باشترین شت ئەوەیە هەموو ناکۆکییەکان وەلابنرێن و چارەسەری پراکتیکی بدۆزرێنەوە، ناکۆکییەکان بخەنە لاوە و گرنگی بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بدەن، بەرژەوەندی هاوبەشیش بۆ بەغدا و هەولێر ئەوەیە، پێکەوە هەماهەنگ بن و کاربکەن و بەرژەوەندییەکانی دوولایەنە رەچاوبکەن، هەوڵبدەن گەشە بە ئابووری هەردوولا بدەن، ئەمەش لەرێگەی دۆزینەوەی چارەسەرێکی هاوبەش بۆ پرسی نەوت و پرسەکانی دیکە، هەروەها تێکەڵنەکردنی پرسەکان بەیەکدی، ئەم ناکۆکیە لە ساڵی 2006ـەوە هەیە، بەڵام لە ساڵی 2014ـەوە ناکۆکییەکان قووڵ بوونەوە، ئایا بەغدا لەماوەی ئەم هەشت ساڵەدا براوە بووە؟ نەخێر براوە نەبووە و براوەش نابێت، بۆیە دەبێت بوەستن لە شەڕکردن لەسەر ئەو گرفتانە و، بەدوای چارەسەری واقعیدا بگەڕێن، عێراق ئەگەر دەیەوێت کوردستان بەشێك بێت لە وڵاتەکەی دەبێت ئەو میتۆدانە بەکاربهێنێت کە دیپلۆماتین و بەرژەوەندی دوولایەنەیان تێدایە.