سوودانی و رۆمانۆوسكی تاووتوێی به‌رده‌وامی جه‌نگی دژ به تیرۆریان له عێراق كرد

K24 – هه‌ولێر:
محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و ئه‌لینا رۆمانۆوسكی باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا، جه‌ختیان له به‌رده‌وامی جه‌نگی دژ به تیرۆر و پاشماوه‌كانی كرده‌وه.
نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه 20ـی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه، تێیدا هاتووه: سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا، له‌باره‌ی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و واشنتن و جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژی، گفتوگۆیانكرد.
باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا هیوای خواست به‌غدا و واشنتن له هه‌ماهه‌نگییه‌كان بۆ ئاشكراكردنی بكوژی ستیفن تڕۆڵی هاووڵاتی ئه‌مه‌ریكی، به‌رده‌وام بن.
رۆژی (7ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، هاووڵاتییه‌كی ئه‌مه‌ریكی به‌ناوی ستیفن تڕۆڵی ته‌مه‌ن 45 ساڵ، له گه‌ڕه‌كی كه‌ڕاده‌ی شاری به‌غدا كوژرا.
به گوێره‌ی راپۆرتی پزیشكی له ئه‌نجامی ته‌قه‌لێكردن كوژرابوو.
ئه‌و هاووڵاتییه ئه‌مه‌ریكییه له رێكخراوێكی فریاگوزاری له عێراق كاریكردووه.