سوودانى بانگهێشتی تاران ده‌كرێت

K24 – هه‌ولێر:
سەرۆکوەزیرانی عێراق و باڵیۆزی ئێران له به‌غدا گفتوگۆیان لەبارەی دۆسیەی ئەمنی ناوچە سنورییەکان کرد و سوودانیش له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ئێرانه‌وه بانگهێشتی تاران ده‌كرێت.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه (26ـی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ کازم محەممەد ئالسادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا کۆبووەوە و گفتوگۆیان لەبارەی دۆسیەی ئەمنی ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق کرد.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆک وەزیران عێراق، لە کۆبوونەوەی محەممەد شیاع سوودانی و باڵیۆزی ئێران لە بەغدا، جەختیان لەسه‌ر پاراستنی سنوورەکان و هەماهەنگی ئەمنی لەنێوان هەردوو وڵات‌دا کرده‌وه.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا باسیان لەبەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان به‌غدا و تاران کرد لە بوارەکانی وەبەرهێنان و ئابووری.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، باڵیۆزی ئێران له به‌غدا، داوەتنامەی فەرمی ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌رۆك كۆماری ئێرانی گەیاندووەتە محەممەد شیاع سوودانی بۆ ئەوەی سەردانی تاران بکات.