لە قەزای دوکان تەرمی ئافرەتێكی 47 ساڵ بە سووتاوی دۆزرایەوە

ئۆتۆمبێلی پۆلیس
ئۆتۆمبێلی پۆلیس

K24 - هەولێر:

دوای دۆزینەوەی تەرمی ئافرەتێکی تەمەن 47 ساڵ لە قەراغ دەریاچەی دوکان کە بە سووتاوی ژێر گڵ کرابوو، کەسوکارەکەی تەرمەکە دەناسنەوە و لە پزیشکی دادوەری وەریدەگرنەوە و بەخاکی دەسپێرن.

رۆژی 24ـی تشرینی دووەمی 2022، تەرمی ئافرەتێکی تەمەن 47 ساڵ بە سووتاوی دۆزرایەوە، بە گوتەی پۆلیسی راپەڕین، تەرمەکە لە قەراغ دەریاچەی دوکان ژێر گڵ کراوە.

کوردستان24 زانیویەتی، پێنج کەس لەسەر کەیسەکە دەستگیرکراون کە کەسی نزیکی ئافرەتەکەن.

ئافرەتەکە دایکی پێنج منداڵە و ھەفتەیەک پێش دۆزینەوەی تەرمەکەی لەماڵ دەرچووە و دیارنەماوە و دوای ئەوەش کەسوکاری لە پۆلیس سکاڵایان تۆمارکردووە .

دوای رووداوەکە تەرمی ئافرەتەکە نێردراوە بۆ پزیشکی دادی سلێمانی، بە گوتەی شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەرین، ئێستا کەیسەکە لە پۆلیسەوە بۆ ئاسایش گواستراوەتەوە و ئەوان پێشتر پرسیاری ئەوەیان لە پزیشکی دادی کردبوو جگە لە سووتان ئایا کاریگەری ھیچ فیشەک، چەقۆ یان لێدان و زەبرێک بە جەستەیەوە ھەیە یان نا؟

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، پێش دۆزینەوەی تەرمەکە ژمارەیەک لە کەسە نزیکەکانی لەسەر ئەو کەیسە دەستگیرکرابوون، بۆیە لەکاتی دۆزینەوەی تەرمەکە، کەسە نزیکەکانی ھێنراون بۆ شوێنی دۆزینەوەی تەرمەکە، بەمەبەستی ناسینەوە، هەرچەندە سەرەتا بەھۆی شێواوی تەرمەکە گوتویانە نایناسینەوە بەڵام دواتر یەکێک لە منداڵەکانی ناسیوویەتەوە .

ئێستا پێنج کەس لەسەر کەیسەکە دەستگیرکراون کە کەسی نزیکی قوربانیەکەن و ھاوسەرەکەی یەکێکە لەوانە .