كوردستان24 كاندیدانی هه‌ردوو پۆستی وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه و ژینگه ئاشكراده‌كات

K24 – هه‌ولێر:
وابڕیاره له دانیشتنی رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هه‌ردوو پۆستی وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه و ژینگه له كابینه‌كه‌ی سوودانی پڕبكرێته‌وه و كوردستان24 كاندیدانی ئه‌و دوو پۆسته ئاشكراده‌كات.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه (1ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، په‌یامنێری كوردستان24 له به‌غدا ئاشكرایكرد، له كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، متمانه‌ده‌درێت به كاندیدانی هه‌ردوو پۆستی وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه و ژینگه كه پشكی كوردن.
دیلان بارزان، په‌یامنێری كوردستان24 له به‌غدا گوتیشی، به‌پێی زانیارییه‌كان هه‌ریه‌كه له به‌نگین رێكانی، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق و نزار ئامێدی، كاندیدی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بۆ پۆستی وه‌زیری ژینگه‌ی عێراق كاندیدكراون.
رۆژی (28ـی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، له كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه به‌شداربووه‌كانی هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت له به‌غدا رێككه‌وتنكرا له‌سه‌ر پڕكردنه‌وه‌ی پۆسته به‌تاڵه‌كانی كابینه‌كه‌ی سوودانی.
هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه (1ی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، فه‌رمانگه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، كارنامه‌ی دانیشتنی رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتووی رایگه‌یاند كه نۆ بڕگه له‌خۆده‌گرێت كه دانیشتنه‌كه رۆژی (شه‌ممه 3ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022) كاتژمێر 11:00ی پێش نیوه‌ڕۆ ده‌ستپێده‌كات.
رۆژی (13ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، له‌لایه‌ن له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆككۆماری عێراقه‌وه محه‌ممه‌د شیاع سوودانی راسپێردرا بۆ پێكێهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق و رۆژی (27ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، به ئاماده‌بوونی (253) په‌رله‌مانتار، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق متمانه‌ی به كارنامه و 21 وه‌زیری كابینه‌كه‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی به‌خشی.