رووسیا ژمارەی زەمالەکانی بۆ هەرێمی کوردستان دوو بەرانبەر زیاد دەکات

رووسیا 60 زەمالەی خوێندن پێشکەشی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات
.
.

K24 - مۆسکۆ

بەڕێوەبەرایەتی تواناسازی فەرمانبەرانی سەر بە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا سەرجەم وەزارەت و دەستەکان ئاگادار دەکاتەوە لە 60 زەمالەی خوێندنی (بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا) کە لەلایەن حکومەتی رووسیاوە بۆ ساڵی خوێندنی (2023-2024) دابینکراون.

 وەزارەتی خوێندنی باڵای رووسیای فیداڵ لە رێگەی کونسوڵخانەی گشتی وڵاتەکەیانەوە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانەوە، بۆ ساڵی خوێندنی (2023-2024) 60 زەمالەی خوێندنیان لە پسپۆڕییە جیاوازەکان پێشکەش بە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.

رۆژی 6/11/2022  ماکسیم روبین، کونسوڵی گشتی رووسیا لە هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سیمینارێکدا لە زانکۆی سۆران رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی دوو بەرانبەر ژمارەی زەمالەکانی خوێندنی بۆ هەرێمی کوردستان زیادکردووە، ساڵانی رابردوو رووسیا 30 زەمالەی بۆ قوتابی و فێرخوازانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرد، بەڵام ئەمساڵ 30 زەمالەی دیکەیان زیاد کردووە، بەمەش 60 قوتابی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی داهاتوو دەتوانن بێ بەرانبەر سوودمەندبن لە خوێندنی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا لەو وڵاتە.

هەر کەسێک مەرجه‌كانی تێدا بەرجەستە بێت و ئارەزووی خوێندن لە زانکۆکانی وڵاتی رووسیا بکات، بە لە بەرچاوگرتنی تێبینییه‌كان، ده‌توانێت له‌ رێگه‌ی ئەم لینکەی خوارەوە داواكاری پێشکەش بە سەرچاوەی زەمالەکە بكات:

کلیک بکە

مەرج و پێداویستییەکان بۆ پێشکەشکردنی زەمالەکان

-پێشکەشکار دەبێت هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.

-ماوەی بەسەرچوونی پاسپۆرتی پێشکەشکار نابێت لە ساڵ و نیوێک کەمتری مابێت بۆ بەسەرچوون.

-ئەگەر قوتابی دەرچووی شەشەمی ئامادەیی بێت، پێویستە بڕوانامەی دەرچوون بەزمانی ئینگلیزی یاخود عەرەبی لە وەزارەتی پەروەردە وەبگرێت و پاشان لە وەزارەتی داد و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دواتر لە کونسوڵخانەی رووسیا لە هەولێر وەریبگێرێت بۆ زمانی رووسی و واژوو و پەسەند بکرێت لەلایەن کونسوڵخانەوە .

-ئەگەر قوتابی هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس، ماستەر بوو، پێویستە بڕوانامەی نمرەکان و بڕوانامەی جیداری بەزمانی ئینگلیزی یاخود عەرەبی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی داد و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پاشانیش لە کونسوڵخانەی رووسیا لە هەولێر واژوو و  پەسەند بکات، دواتر لە کونسوڵخانەی رووسیا بڕوانامەکە بۆ زمانی رووسی وەربگێڕێت.

-ئەو قوتابیانەی خوێندنیان لە وڵاتی رووسیا تەواو کردووە، راستەوخۆ بەڵگە و دۆکیومێنتەکان پێشکەش دەکەن، پێویست بە واژوو و پەسەندی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناکات.

-ئەو فێرخوازانەی فەرمانبەرن لە دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێویستە بەر لە پێشکەشکردن رەچاوی ئەم رێنماییانە بکەن.‌:

 ماستەر.

• پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە.

• داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات. (واتا بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت).

• کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، ئەوا لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنیا مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت، واتا بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.

• کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی رووسیا پشتگیری دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.

• پێشکەشکردن راستەوخۆ و تەنیا لە رێگەی ماڵپەڕی سەرەکی زەمالەکە (رووسیا) دەبێت.

• لەبەر ئەوەی پێشکەشکردن راستەوخۆ لەڕێگەی ماڵپەڕی زەمالەکەیە، وەزارەتەکان هیچ فایلییان لەبەردەست نابێت تا کاری لەسەر بکەن، بۆیە تا دەرچوونی ئەنجامی زەمالەکە بە هیچ شێوەیەک پێویست بە سەردانکردنی وەزارەت و دەستەکان ناکات.

دکتۆرا

• پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەوا دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە.

• داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی دکتۆرا پێشکەش بکات. (واتا ماستەر و دکتۆراکەی لە هەمان بوار بێت).

• کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، ئەوا لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنیا مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت واتا بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.

• کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی رووسیا پشتگیری دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن

• پێشکەشکردن راستەوخۆ و تەنیا لەڕێگەی ماڵپەڕی سەرەکی زەمالەکە (رووسیا) دەبێت.

تێبینی: هەرکەسێک ئەم مەرج و رێنماییانەی سەرەوەی تیادا بەرجەستە نەبێت، مۆڵەتی خوێندنی پێنادرێت