حكومه‌تی عێراق له‌باره‌ی ناردنی 200 ملیار دیناره‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان بڕیاریدا

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بڕیاریدا به‌ ناردنی 200 ملیار دینار بۆ مانگه‌كانی (11 و 12)ـی ساڵی 2022 بۆ هه‌رێمی كوردستان.

دوای هه‌وڵه‌كانی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (13ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بڕیاریدا به‌ ناردنی 200 ملیار دینار بۆ مانگه‌كانی (11 و 12)ـی ساڵی 2022 بۆ هه‌رێمی كوردستان.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیوەندیدابووە بۆ خەرجکرنی 200  ملیارەکە و سوودانیش رەزامەندی نیشانداوە.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، ئەمرۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشنیاریکردووە، کە 200 ملیارەکە بۆ مانگەکانی یازدە و دوازدە خەرجبکرێت، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش خستویەتییە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ پەسەندکراوە.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌ كۆی 23 وه‌زیر له‌ كابینه‌كه‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، ته‌نها دوو وه‌زیر ده‌نگیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ناردنی 200 ملیار دیناره‌كه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان نه‌داوه‌. 

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ بەشداری تیمی یەکێتی لە حکومەت ماوەی سێ رۆژە لە بەغدایە و لەگەڵ وەزارەتی نەوت و دارایی عێراق كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجامداوه‌ بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی بودجە و نەوت.