ئومێد سه‌باح زانیاری له‌باره‌ی واده‌ی ناردنی 400 ملیار دیناره‌كه ئاشكراده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
دوای ئه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بڕیاریدا به ناردنی 400 ملیار دینار بۆ مانگه‌كانی (11 و 12)ـی ئه‌مساڵ بۆ هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند هه‌وڵده‌درێت پێش سه‌ری ساڵ ئه‌و پاره‌یه ره‌وانه بكرێت.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (13ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ندامی شاندنی وه‌زاره‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا به كوردستان24ـی راگه‌یاند ئه‌مشه‌و شانده‌كه‌ی هه‌رێم گه‌ڕاونه‌ته‌وه هه‌ولێر.
سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌میانی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كاتژمێر 8ـی كوردستان24، ئاشكرایكرد، بڕیاری خه‌رجكردنی 400 ملیار دینار له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، هه‌نگاوێكی باش و ده‌ستپێكێكی گرنگه بۆ ده‌ربڕینی نیازپاكی بۆ گه‌یشتن به رێككه‌وتن له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.
هه‌روه‌ها ئومێد سه‌باح جه‌ختی له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه، كه ئاماده‌یی خۆیان ده‌بڕیوه بۆ جێبه‌جێكردنی كارنامه‌ی په‌سه‌ندكراوی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق و پابه‌ندبوون به هه‌نگاوه‌كانی حكومه‌تی نوێی عێراق له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی مافه ده‌ستووری و شایسته دارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌و ئه‌ندامی شاندی وه‌زاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی روونیكرده‌وه، كه شانده‌كه‌یان توانیویانه به‌شێوه‌یه‌كی باش راسپارده و رێنوێنییه‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن بگه‌نه رێككه‌وتنی هاوبه‌ش، ئێستاش گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له نزیكه‌وه جارێكی دیكه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌ت گفتوگۆ بكه‌ن و بۆ جێبه‌جێكردنی راسپارده‌كانی له داهاتوویه‌كی نزیكدا، جارێكی دیكه بۆ درێژه‌دان به گفتوگۆكان سه‌ردانی به‌غدا بكه‌نه‌وه.
سه‌باره‌ت به پشكی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی 2023ـی فیدراڵی، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به نووسراوی فه‌رمی داواكارییه‌كانی ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئه‌نجوومه‌نی ئابووری عێراق كردووه و تێگه‌یشتنی باش هه‌یه بۆ داواكارییه‌كان و ئومێد ده‌كرێت له ده‌رفه‌تێكی نزیكدا بگه‌نه لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌ش و بڕیاردان له‌سه‌ر پشكی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی فیدراڵی بۆ ساڵی داهاتوو.
له‌باره‌ی دۆسیه‌ی نه‌وت و غازیش، ئومێد سه‌باح رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه شانده‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرنگی هه‌بووه له به‌غدا و له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق رێككه‌وتوون كه قۆناغێكی ئینتیقالی هه‌بێت له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان تاوه‌كو ده‌گه‌نه رێككه‌وتنی كۆتایی، هه‌روه‌ها پێداچوونه‌وه‌ش بۆ قۆناغی پێشتر ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین خاڵی هاوبه‌ش له نێوانیان بدۆزنه‌وه كه هاوكار ده‌بێت له داڕشتنی رێككه‌وتنی هاوبه‌ش بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی نه‌وت و غاز له‌نێوان هه‌ردوولا.
له به‌شێكی دیكه‌ی روونكردنه‌وه‌كانیدا، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان باسی له گرنگی هه‌نگاوه‌كانی لێكنزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو دیوانی چاودێری داریی هه‌رێم و عێراق كرد كه دوای چاودێری و وردبینیكردن، سه‌رجه‌م خه‌رجی، داهات و میلاكاتی حكومه‌تی هه‌رێمیان په‌سه‌ندكردووه و هیواشیخواست ئه‌م هه‌نگاوه بۆ ساڵه‌كانی دیكه‌ش به‌رده‌وام بێت.
به‌گوێره‌ی روونكردنه‌وه‌كانی ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی عێراقی به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بۆ ناردنی 400 ملیار دیناره‌كه و پێشبینی كرد، پێش كۆتایی هاتنی ئه‌مساڵ بتوانن، هه‌نگاوه پێویسته‌كان جێبه‌جێبكه‌ن و ئه‌و بڕه پاره‌یه له به‌غداوه ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكرێت.