دیشامپ: لهم مۆندیاله راگرتنی مێسی قورسه
دیدیێ دیشامپ راهێنهری ههڵبژاردهی فهرهنسا له پرێس كۆنفرانسێكدا پێش یارییهكهی سبهیان بهرامبهر فهرهنسا له یاریی كۆتایی مۆندیالی 2022 رایگهیاند كه راگرتنی مێسی لهم مۆندیاله زۆر قورسه، دهشڵێت: سێ چاودێرمان راسپاردووە لەم مۆندیالە شرۆڤە و هەڵسەنگاندن بۆ هەر شەش یارییەکەی ئارجێنتینا دەکەن.
دیشامپ راهێنهری ههڵبژاردهی فهرهنسا ئاماژهی بۆ ئهوه كرد كه ئارجێنتینا خاوەنی هاندەرێکی زۆر و بێ شومارە و لە یاریگا ئامادە دەبن، دهشڵێت: بەڵام رکابەرەکەی ئێمە لهگهڵ ئارجێنتینا لە پەیژەکانی یاریگا نییە بەڵکو لەناو یاریگا لەسەر لاکێشەی سەوز رووبەڕوومان دەبنەوە، ئارجێنتینا لە هەموو پاڵەوانێتییەک خاوەنی هاندەرێکی زۆرە، ئەگەر هاندەرانی فەرەنساش ئامادەبن دڵنیام لە یاریی کۆتایی زۆربەی هاندەران هانی ئارجێنتینا دەدەن و هاواری ناوی ئارجێنتینا دەکەن.
دیشامپ گوتیشی: ئارجێنتینا هەمان پێکهاتە و هەمان پلانی مۆندیالی ٢٠١٨ نییە، ئەوان لەم مۆندیالە شەش یارییان بە پێکهاتە و یاریزانی جیاواز کردووە، ئێمە سێ چاودێرمان هەیە شرۆڤەی هەموو یارییەکانی ئارجێنتینایان کردووە لەم مۆندیالە، مباپێ بە دۆخێکی باشدا تێدەپەڕێت و پیویستە ئارام و لەسەرخۆ بێت و وەکو یارییەکانی دیکە تەنیا بیر و هزری لەسەر یارییەکە بێت، مباپێ هەرکاتێک بیەوێت قسە دەکات راستە لەم مۆندیالە کەمترین قسەی کردووە چونکە ئەو دەیەوێت تەنیا بیری لای یارییەکان بێت.
دیشامپ دهشڵێت: چوار ساڵ لەمەوبەر مێسی بەردەوام وەکو یاریزانی باڵی راست یان هێرشبەری ژمارە نۆی ساختە یاریی دەکرد، بەڵام ئێستا وەکو یاریزانی هێڵی ناوەڕاست یاریی دەکات و ئازادییەکی تەواوی هەیە، ئەمەش وادەکات راگرتنی زۆر سەخت و قورس بێت.
راهێنهری فهرهنسا هێمای بۆ ئهوهش كرد كه ئارجێنتینییەکان هەموویان حەز دەکەن مێسی جامی جیهانی بەرز بکاتەوە، تەنانەت لەوانەیە هەندێک لە فەرەنسییەکانیش حەز بکەن مێسی نازناوەکە بباتەوە، دهشڵێت: من باش دەزانم لە هەموو جیهان مێسی خاوەنی پشتگیرییەکی گەورەیە.
دیشامپ گوتیشی: چەند یاریزانێکمان تووشی ئەم ڤایرۆسە بوون، بەڵام هیچ هەواڵێکی نوێ نییە، بەیانی کە هاتمە ئێرە هەموویان خەوتبوون، ئەمڕۆ چاوەڕێی راپۆرتی کۆتایی دەکەم و لەوانەیە هێشتا کاتێکی باشمان بۆ یارییەکە لەبەردەستدا بێت و چاوەڕێ دەکەین بزانین کامیان ئامادە دەبێت بۆ یارییەکە، من نامەوێت ئەم ڤایرۆسە و پێکان بکەمە بیانوو، پێویستە ئێمە رووبەڕووی هەموو بەربەست و ئالنگارییەک ببینەوە، ئارجێنتیناش لە یاریی یەکەمیان بەرامبەر سعوودیە دۆڕان و رووبەڕووی پێشهاتێکی قورس بوونەوە.
دیشامپ دهشڵێت: ئێوەی میدیاکاران باش دەزانن من نامەوێت وەڵامی هیچ پرسیارێک لەبارەی کەریم بێنزێما بدەمەوە، کەریم بێنزێما تووشی پێکان بوو، لۆکاس هێرناندێزیش تووشی پێکان بوو، پاشان ژمارەی یاریزانەکانمان کەم بووەوە و ئێستا من ٢٤ یاریزانم لەبەردەستە، بۆیە پێموایە شتێکی جوان نییە ئێوە پرسیار لەبارەی یاریزانەکانی دیکە بکەن، تکایە تەنیا بیرتان لەلای یاریزانەکانی ئێستای هەڵبژاردەکەمان بێت و پرسیارم لەبارەی کەسی دیکە لێ مەکەن.
بڕیاره سبهی له یاریی كۆتایی جامی جیهانی 2022، له یاریگهی لوسێل له كاتژمێر 06:00ـی ئێواره به كاتی ههولێر ههردوو ههڵبژاردهی فهرهنسا و ئارجێنتینا رووبهڕوو یهكتر دهبنهوه.