دوو گەنجی کورد شیعرێکی مەولانای رومی دەکەنە گۆرانی

K24 - هەولێر:
دوو گەنجی دانیشتووی شاری سلێمانی شیعرێکی مەولانای رومی بە ستایلی فلامینگۆی ئیسپانی دەکەنە گۆرانییەکی کوردی.
دیاکۆ فەهمی و گەشتیار کاوە پێکەوە گۆرانی "نوور" کە شیعرێکی مەولانای رومییە و لەلایەن (شاڵاو حەبیبە)ـەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، بە ستایلی فلامینگۆی ئیسپانی، دەیکەنە گۆرانی و لە شەوی یەڵدا (20ـی کانوونی یەکەمی 2022) بڵاویدەکەنەوە.
دیاکۆ فەهمی لەو بارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئێمە دەمانەوێت لەڕووی مەقامات و ریتمەوە لینکێک لەنێوان هونەری فلامینگۆی ئیسپانی و گۆرانی و میوزیکی کوردیدا بدۆزینەوە".
سەبارەت بە میوزیکی گۆرانیەکە، دیاکۆ ئاماژەی بەوەدا، بەشێکی میوزیکەکەی ئیسپانییە و بەشەکەی دیکەی بەرهەمی خۆیانە.
دیاکۆ فەهمی تەمەن 26 ساڵ و گەشتیار کاوە تەمەن 24 ساڵ، هەردووکیان ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە لە بواری میوزیکدا دەخوێنن و چەندین کۆرسی تایبەتیان لەو بوارەدا وەرگرتووە و گۆرانی نوور یەکەم بەرهەمی هاوبەشیانە.