ملیارەهان دۆلاری رووسیا رژاونەتە ناو جۆرجیا و ئەرمینیا و تاجیکستان

شەڕی رووسیا دراوی دراوسێکانی بەهێز کردووە

K24 - هه‌ولێر:

لەشکرکێشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا کۆچی بەشێک لە هاووڵاتیانی رووسیای لێکەوتووه‌ته‌وه‌.

لەشکرکێشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا کۆچی بەشێک لە هاووڵاتیانی رووسیای لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌، بەشێکی زۆریشیان روویان لە وڵاتانی دراوسێ کرد کە هاتوچۆی ئاسانە و ڤیزای ناوێت و هیچ سنوورێکیش بۆ گواستنەوەی پاشەکەوتەکانیان بۆ بانکەکانی ئەو وڵاتانە دانەنراوە، هەروەها زۆرینەی هاووڵاتیانیان زمانی رووسی دەزانن، ئەمە وای کرد دۆلارێکی زۆر بڕژێتە ناو ئەو وڵاتانەوە و بەهای دراوی ئەو وڵاتانە بەرزببێتەوە.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی بلوومبێرگ درامی ئەرمەنی لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە رێژەی 22% بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەتەوە، هەروەها لاری جۆرجی و سامانی تاجیکی بە رێژەی زیاتر لە 16% و 10% بەرزبوونەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە واتە لەو کاتەوەی رووسیا جەنگی لەگەڵ ئۆکرانیا بەرپا کردووە، بڕی ملیارێک و 750 ملیۆن دۆلار لە رووسیاوە حەواڵەی جۆرجیا کراوە، دوو ملیار و 800 ملیۆن دۆلاریش حەواڵەی ئەرمینیا کراوە.