سێیەمین وەشانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی "فیلمی کوردی مۆسکۆ" بەڕێوەدەچێت

K24 – مۆسكۆ:
وەزارەتی کولتووری رووسیای فیدراڵ، لە راگەیاندراوێکدا ناوی ئەو فێستیڤاڵانەی ئاشکرا کرد، کەوا بڕیارە لەساڵی 2023 دا لە رووسیا بەڕێوەبچن.
لە راگەیاندراوەکەدا کە لە وێب سایتی فەرمی وەزارەتەکەدا بڵاوکراوەتەوە و واژووی ئۆلگا لوبیمەڤای وەزیری کولتووری رووسیای لەسەرە، وا بڕیارە لە ساڵی 2023 دا لە هەرێم و شارە جیاوازەکانی رووسیادا 123 فێستیڤاڵی فیلم بەڕێوەبچن، ئەمساڵ فێستیڤاڵی فیلمی کوردی ریزبەندی یەکەمی لیستی فێستیڤاڵەکانی رووسیای گرتووە.
لەبارەی فێستیڤاڵەکە، گوڵیزار کەرەم گەردەنزەری، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵ بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بەخۆشحاڵیەوە وەزیری کولتووری رووسیا، ئۆلگا لوبیماڤا رەزامەندی دا لەسەر سێیەمین وەشانی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ.
گەردەنزەری گوتیشی: "سێیەمین وەشانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کوردی مۆسکۆ لە رۆژانی 12 تا 23 ی تەمموزی 2023 بەڕێوەدەچێت.
بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە ئەوەشی خستەڕوو: "لە ئێستاوە تاوەکو 14 شوباتی 2023 ئەو فیلمانە وەردەگرن کە دەخوازن بەشداری بکەن لە سێیەمین وەشانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کوردی مۆسکۆ".
لە ساڵی 2020 ـهوە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کوردی مۆسکۆ لە رووسیا بەڕێوەدەچێت، وەشانی دووەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کوردی مۆسکۆ، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سپۆنسەری فێستیڤاڵەکە بوو.
گوڵیزار گەردەنزەری گوتی: تا ئەم چرکەساتە تەنیا کۆمپانیای بەرفین دیزاینەر سپۆنسەری فێستیڤاڵەکەن، گەردەنزەری بە ئومێد بوو، کە بۆ سێیەمین وەشانی فێستیڤاڵەکەیان، به ههمان شێوهی رابردوو، وهزارهتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان سپۆنسەری فێستیڤاڵەکەیان بێت.
دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن، هاوشێوەی ساڵی یەکەم و دووەم، بۆ ساڵی سێیهمیش هاوکاری میدیایی فێستیڤاڵەکە دەبێت.


.jpeg)