گۆڕان هەوڵدەدات خۆی لە دۆخی چەقبەستوو رزگار بکات

ئاڵای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان
ئاڵای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان

K24 - هەولێر

بزووتنەوەى گۆڕان هەنگاو بەرەو بەستنى دووەمین کۆنفرانسى نیشتمانى دەنێت، لە دوایین کۆبوونەوەى جفاتى نیشتمانى و گشتى ئەمساڵدا گۆڕان جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، ئێستا چاوەکان لەسەر ئەوەن کۆنفرانسى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان بەرەو کوێ دەبات.

لە دوای ئەو شکستەی لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تووشی هات، دۆخێکى تایبەتیان هەیە لەناو گۆڕان دروستبووە و جۆرێک لە پەرتەوازەی لەناو ریزەکانیان هاتووەتە ئاراوە، بەڵام دەیانەوێت مۆمەکەیان بە داگیرساوى بمێنێتەوە، بزووتنەوەى گۆڕان بڕیاریدا لەو دۆخە چەقبەستووە خۆی رزگار بكات كە ئێستا تێى کەوتووە، ئەویش بە هەڵچنینی هیواکان لەسەر بەستنى کۆنفرانسى نیشتمانیانی.

لەوبارەوە دلێر عەبدولخالق، گوتەبێژى بزووتنەوەى گۆڕان بە کوردستان24ی گوت: "ئومێد دەکەین ساڵی داهاتوو لە نزیکترین کاتدا بزووتنەوەی گۆڕان بتوانێت دووەمین کۆنفرانسی خۆی ببەستێت، بەڵام بۆ ئەوەی کۆنفرانسێکی سەرکەوتوو بکەین، پێویستە پشتگیری لە هەموو ئەو هەوڵانە بکەین بۆ ئاشتەوایی و تۆکمەکردنی پەیکەری رێکخراوەیی بزووتنەوەی گۆڕان و پێکەوە کارکردن، چ ئەوانەی ئێستا لەناو کاری رێکخراوەیی گۆڕانن چ ئەوانەی رۆژانێک بە جۆشوخرۆشەوە لە هەر قۆناغێک لە قۆناغەکان بڕوایان بە بزووتنەوەی گۆڕان بووە، هەموومان پێکەوە شان بدەینە بەر ئەو بەرپرسیاریەتییە".

گۆڕان ساڵى 2013 یەکەمین کۆنفرانسى بەست، بەپێى دەستوورى بزووتنەوەکە پێویستە هەرچوار ساڵ جارێک کۆنفرانس ببەسترێت، کۆنفڕاسنى ئەمجارە رەنگە هەزار کەس بەشدارى تێدا بکات و تا ئێستا شوێنى بەرێوەچوونیشى یەکلا نەکراوەتەوە.

شەنکار عەبدوڵڵا، چاودێرى سیاسی، دەڵێت: "هەرگیز باوەڕناکەم هیچ کەس هەبێت لە هەرێمى کوردستان بە خۆشیانەوە چاوەرێى ئەوە بکات، جارێکى دیکە گۆڕان بگەڕێتەوە بۆ ئەو پێگەیەى کە هەیبوو، هێزى دووەم بوو لە کوردستان بەڵام رەنگە دەستکارى هەندێک بەرنامە و ئەو شتانە بکات، پێم وانیە ئەوە چارەسەرى ئێستاى دەردى گۆران بکات".

لەنێوان خۆزگەکانى بەرپرسانى گۆڕان، بۆ ئەوەى کۆنفرانسە نیشتمانییەکەیان لە کۆنگرەى حزبەکانى دیکە جیاواز بێت و لەگەڵ ئەو بێ ئومێدییەى کە لەلاى ئەندامانى گۆران دروستبووە، بەوەى بزووتنەوەکەیان نەیتوانى گۆڕانکارى بهێنێتە کایەوە، چەند هەفتەیەک ماوە هەتا ئەو کاتەش لەوانەیە هەندێک لە ئەندامانى گۆڕان ئومێدیان بە چاوەڕوانکردنیش نەمابێت.