نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان: به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌ زیاتر له‌ ملیۆنێك هاووڵاتی عێراقی به‌ڵگه‌نامه‌ی هاووڵاتیبوونیان نییه‌

0
0

K24 – هه‌ولێر:

به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی كۆمیسیۆنی په‌نابه‌رانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، به‌هۆی هێرشی داعش و ئاواره‌بوونى ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هاووڵاتییان له‌ ناوچه‌كانی خۆیان،‌ له‌ عێراقدا زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن كه‌س به‌ڵگه‌نامه‌ و ناسنامه‌كانیان له‌ده‌ستداوه.

كۆمیسیۆنی په‌نابه‌رانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، ئه‌و رێژه‌ زۆره‌ی هاووڵاتییانی عێراقی تا ئێستاش نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ به‌ده‌ستبهێننه‌وه‌ و منداڵه‌كانیان له‌ مافی خوێندن، ته‌ندروستی و بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بێبه‌ش بوونه‌ و له‌ هاتووچۆكردنیش كێشه‌یان هه‌یه.

عه‌لیا عه‌بدولڕه‌زاق، كه‌ هاووڵاتییه‌كی دانیشتووی موسڵه‌ باسی له‌ دۆخی ناهه‌مواری خۆی ده‌كات كه‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ 10 ساڵه‌ هاوسه‌رگیری كردووه‌ و خاوه‌نی چوار منداڵه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا به‌هۆی نه‌بوونی گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیری، هیچ یه‌كێك له‌ منداڵه‌كانی خاوه‌نی ره‌گه‌زنامه‌ نین و ناتوانن بچنه‌ قوتابخانه‌.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفته‌یان به‌پێی رێكاره‌كانی حكومه‌ت پێویسته‌ پارێزه‌رێك بگرن كه‌ زیاتر له‌ 500 دۆلاری پێویسته‌ جگه‌له‌ خه‌رجی كاروباره‌كانیشیان، ئه‌و باسی له‌وه‌شكردووه‌ كه‌ ئێستا له‌ هاوژینه‌كه‌ی جیابووه‌ته‌وه‌ و توانای دارایی نییه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌.

هاووڵاتییه‌كی دیكه‌ی شاری موسڵ به‌ناوی حوسێن عه‌دنان كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشدا هاوسه‌رگیری كردووه‌ و ئێستا خاوه‌ن منداڵه‌ و نه‌ گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیری فه‌رمی هه‌یه‌ و نا منداڵه‌كه‌ی خاوه‌نی به‌ڵگه‌نامه‌ی فه‌رمییه‌، ئه‌و روونیكردووه‌ته‌وه‌، ئێستا كێشه‌ی هه‌یه‌ له‌ پشتراستكردنه‌وه‌ی باوكایه‌تی هه‌یه‌ بۆ كوڕه‌كه‌ی كه‌ له‌ هه‌موو مافێكی سه‌ره‌تاییش بێبه‌شبووه‌.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، عه‌لی عه‌باس جیهانگیر، به‌رێوه‌به‌ری گشتی كاروباری لقه‌كانی كۆچ و كۆچبه‌ران له‌ موسڵ رایگه‌یاندووه‌، به‌هۆی هێرشه‌كانی داعش و ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كان ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هاووڵاتییانی ناوچه‌كه‌ به‌ڵگه‌نامه‌ فه‌رمییه‌كانیان ونكردووه‌ و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م ده‌رهێنانه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كانیشی به‌گوێره‌ی كه‌یسی هه‌ر هاووڵاتییه‌ك به‌جیاواز وه‌سفكرد.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق له‌ موسڵ روونیكرده‌وه‌، به‌هۆی له‌ده‌ستدانی تۆماره‌ گشتییه‌كان، گرفت بۆ ده‌رهێنانی به‌ڵگه‌نامه‌ فه‌رمییه‌كان دروستبووه‌ و سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ش كه‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانیان له‌ده‌ستداوه‌ گوتی، زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن كه‌س ده‌بن.