بانکی ناوەندیی عێراق: یەدەگی دراوی بیانی گەیشتووەتە 99 ملیار دۆلار

دراوی عێراقی و دۆلاری ئه‌مه‌ریكی
دراوی عێراقی و دۆلاری ئه‌مه‌ریكی

K24 - هه‌ولێر:

عەممار حەمەد جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، رایگەیاند، یەدەگی بانکەکەیان لە دراوی بیانی زیادیکردووە و لەئێستادا، گەیشتووەتە 99 ملیار دۆلار.

عەممار حەمەد لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەكردووه‌، ئەمڕۆ دووشەممە، بانکی ناوەندیی دەستیکردووە بە کارکردن بە سەکۆی ئەلیکترۆنی تایبەت بە بازرگانیی دەرەکیی و گوتی: "کارکردن لەسەر ئەو سەکۆیە زیاتر لە ساڵێک و شەش مانگی بەردەوام بووە، ئەوەش بە ئامانجی رێکخستنی پڕۆسەی حەواڵەکردنی دارایی لە دەرەوە و پاڵپشتیکردن لە بازرگانیی دەرەکیی".

راشیگەیاند، سەکۆی ئەلیکترۆنی، تاکە رێگه‌یە بۆ پاڵپشتیکردن لە بازرگانی دەرەکیی و گوتی: "بانکە گشتیی و تایبەتەکان، زانیاری تەواویان لەسەر چۆنیەتی بەکارھێنانی سەکۆ ئەلیکترۆنییەکە ھەیە".

باسی لەوەش کردووە، لە رێگای سەکۆ ئەلیکترۆنییەکەوە لە بازرگانی دەرەکیی (بۆ مەبەستی کریدت یان حەواڵەکردنی بەڵگەنامەیی) بە نرخی فەرمی (1465) دینار بۆ دۆلارێک دیاریی کراوە و گوتی: "سەکۆ ئەلیکترۆنییەکە، دەرفەتێكی باشە بۆ بازرگانان، وەبەرھێنان و خاوەن کۆمپانیاکان، بۆ ئەوەی بتوانن پاڵپشتی دارایی بۆ کارەکانیان بەدەست بھێنن".

جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، عەممار حەمەد لەبارەی یەدەگی بانکەکەیان لە دراوی بیانی ده‌ڵێت: "یەدەگی بانکەکەمان لە دراوی بیانی، زیادیکردووە و گەیشتووەتە 99 ملیار دۆلار و لە ماوەیەکی کەمدا، بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە، دەگاتە 100 ملیار دۆلار".

جەختیشی کردەوە، بەرزبوونەوەی یەدەگی بانکی ناوەندیی لە دراوی بیانی، ئاماژەیەکی ئەرێنییە بۆ جێگیرکردنی نرخی دراوی بیانی بەرامبەر بە دینار.

لە ھەشتی تشرینی دووەمی 2022دا، گوتەبێژی بانکی ناوەندیی عێراق، عومەر عاسم رایگەیاندبوو، یەدەگی بانکەکەیان لە دراوی بیانی، گەیشتووەتە 82 ملیار دۆلار.