ئەردۆغان: تورکیا هه‌ستیارترین هەڵبژاردن ئه‌نجامده‌دات

فۆتۆ: aa
فۆتۆ: aa

K24 - هەولێر

سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند: له‌ ساڵی 2023دا وڵاته‌كه‌مان یه‌كێك له‌ هه‌ستیارترین هه‌ڵبژاردنه‌كانی مێژووی دیموكراسی خۆی ئه‌نجامده‌دا.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سه‌رۆکكۆماری توركیا، لە میانی بەشداریکردن لە پرۆگرامی كۆبوونه‌وه‌ی ژنان له‌ زانست، كولتوور، هونه‌ر، وه‌رزش و سیاسه‌ت، له‌ ئانتاڵیا وتارێکی پێشکەشکرد و باسی لە هەمواری دەستووری وڵاتەکەی کرد سەبارەت بە ئازادی جلوبەرگی ژنان کە پێشکەشی پەرلەمانیان کردووە، ئەردۆغان گوتی: "هیوادارین ئه‌م هه‌مواره‌ كه‌ نیشانی ده‌دات كێ لایه‌نگری دیموكراسی و ئازادییه‌كانه‌ و كێ لایه‌نگری یاساغه‌كانه‌، به‌ زیاتر له‌ 400 ده‌نگ په‌سه‌ند بكرێت و له‌ په‌رله‌مان تێپه‌ڕێت".

له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانیشه‌وه‌ كه‌ بڕیاره‌ ئه‌مساڵ له‌ توركیا به‌ڕێوه‌بچێت، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند: "مكوڕین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی توركیا و گه‌لی تورك نه‌كه‌ینه‌ مه‌حكومی فێڵ و پیلان و ته‌ماح و هێڵی گرژیی باڵای كه‌سانێك. له‌ ئێستاوه‌ ده‌یڵێم، هه‌ڵبژاردنێكمان له‌پێشه‌ كه‌ تێیدا خه‌ماتمان دژی ئه‌وانه‌ی رقیان له‌ ئاڵای توركیا و ده‌سته‌واژه‌ی توركه‌، درێژه‌ی ده‌بێت".

گوتیشی: "له‌ ساڵی 2023دا كه‌ یادی 100 ساڵه‌ی ته‌مه‌نی كۆمارمان ده‌كه‌ینه‌وه‌، وڵاته‌كه‌مان هاوكات یه‌كێك له‌ هه‌ستیارترین هه‌ڵبژاردنه‌كانی مێژووی دیموكراسی خۆی ئه‌نجامده‌دات".