ڤیان سه‌بری: سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ به‌غدا له دۆخێكی هه‌ستیاردا بوو
K24 – هه‌ولێر:
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگه‌یاند، سەردانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا لە دۆخێكی ھەستیاردا بووە و ھەموو پرسەكانی نێوان بەغدا و ھەولێری لەگەڵ سەرۆكایەتییەكانی عێراق بەوردی باسكردووە.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه (11ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023)، ڤیان سه‌بری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق به كوردستان24ـی راگه‌یاند، سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی بۆ به‌غدا سه‌ردانێكی سه‌ركه‌وتووبوو و به‌شێوه‌یه‌كی راشكاوانه گفتوگۆ له‌باره‌ی ماف و شایسته ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی عێراق كراوه.
ڤیان سه‌بری، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئوردن و شاندی یاوه‌ری، گفتوگۆ له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و عه‌ممان كراوه و مه‌سرور بارزانی چه‌ندین بیرۆكه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو بۆ زیاتر بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا له‌گشت بواره‌كان، به‌تایبه‌تی له وه‌به‌رهێنان و كه‌رتی ته‌ندروستی.
سه‌باره‌ت به پشكی هه‌رێمی كوردستان به بودجه‌ی 2023، داهات و پۆسته باڵاكانی عێراق، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، كه له گفتوگۆكاندان پشتبه‌ستن به ده‌ستوور و دابه‌شكردن له‌سه‌ر بنه‌مای دادپه‌روه‌ری دووپاتكراوه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها ڤیان سه‌بری جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی هاوده‌نگی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان كرده‌وه له پرسه‌كانی تایبه‌ت به هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه، به‌تایبه‌تی له پرسه‌كانی بودجه، پێشمه‌رگه، مادده‌ی 140، ناوچه سنوورییه‌كان و به‌نداوه‌كان.
له‌باره‌ی یاسای نه‌وت و گاز، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق باسی له گرنگی بوونی ئه‌و یاسایه كرده‌وه و روونیكرده‌وه، هه‌موو لایه‌نه‌كان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هاوبه‌شیكردن و دادپه‌روه‌ری له دابه‌شكردنی داهاتوو و سوودمه‌ندبوونی هه‌موو هاووڵاتییان، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی گرنگه بۆ گه‌یشتن به رێككه‌وتن له‌وباره‌یه‌وه.