بەرپرسێکی پێشووی ئێران لەسێدارە درا
K24 - هەولێر:
عەلی رەزا ئەکبەری، جێگری وەزیری بەرگریی پێشووی ئێران بەتۆمەتی سیخوڕی لەسێدارە درا.
ناوەندی هەواڵی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، عەلی رەزا ئەکبەری کە خاوەنی رەگەزنامەی ئێرانی و بەریتانی بوو بە تاوانی سیخوڕیکردن بۆ بەریتانیا و جووڵانەوە لە دژی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە لە سێدارە دراوە.
وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران رایگەیاندووە، ئەکبەری کە پێش خانەنشین بوونی چەند ساڵێک جێگری وەزیری بەرگری و ماوەیەکیش راوێژکاری دەستەی دانوستانکاری ئێران لە دانوستانە ئەتۆمییەکان بووە، زیاتر لە 9 ساڵ سیخوڕیی بۆ دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا کردووە.
ئەکبەری لەکاتی دەسەڵاتداریی ریفۆرمخوازان لە ئێران جێگری عەلی شەمخانی، وەزیری بەرگریی ئەوکاتی ئێران بووە و ماوەیەکیش وەک راوێژکاری دەستەی دانوستانکاری ئێران لە دانوستانە ئەتۆمییەکاندا بەشداربووە.