فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە: داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەین بەدواداچوون بۆ رووداوەکەی مێردین بکەن

.
.

K24 - هەولێر

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی سەبارەت بە هێرشکردنە سەر چەند هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای مێردین بڵاوکردەوە و داوا دەکات، حکومەتی تورکیا بەزووترین کات بەدواداچوون بکات.

لە پەیامی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هاتووە: "بە داخەوە دوێنێ شەو لە سنووری پارێزگای مێردین لە تورکیا هێرش کرایە سەر چەند هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان و لە ئەنجامدا چوار هاووڵاتی گیانیان لەدەستداو یەکێکیش برینداربوو".

راشیگەیاندووە: "وەک فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە گەورەیە دەکەین، کە کرایە سەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، وێڕای سەرەخۆشی خۆمان بۆ کەسوکاری قوربانیان، داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەین بەزووترین کات بەدواداچوون بکات، بۆ ئاشکراکردن و دادگایی کردنی تاوانباران".