سەرۆککۆماری نەمسا دوو هونەرمەندی کورد خەڵات دەکات

K24 - هەولێر

سەرۆککۆماری نەمسا، خەڵاتی هونەریی بەخشی بە هونەرمەندان نیگار حەسیب قەرەداخی و شەماڵ عومەر.

"سوپاس کە ئێوە هەن" بەم رستەیە ئاهەنگی بەخشینی خەڵاتی هونەری نەمسا بۆ ساڵی 2022 کرایەوە.

ئەم خەڵاتە ساڵانە لە بوارە جیاوازەکانی هونەر و کولتوور و ئەدەبدا دەبەخشرێتە چەند هونەرمەند و نووسەرێکی هەڵبژێردراوی سەرانسەری وڵاتی نەمسا.

لە ئێوارەی 19/1/2023، لە سێرەمۆنیەکی تایبەت و لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆماری نەمسا، د. ئەلێکساندەر ڤان دێر بێلن (سەرۆکی کۆمار) و خاتوو ئەندریا مایەر (سکرتێری کۆماری نەمسا بۆ هونەر و کولتوور) خەڵاتی هونەریی نەمسایان بەخشیە هونەرمەندانی کورد نیگار حەسیب قەرەداخی و شەماڵ عومەر.

لەسەر راسپاردەی بۆردی راوێژکاریی دەستپێشخەریی فەرهەنگی، خەڵاتی هونەری نەمسایی ساڵی 2022 لەلایەن وەزارەتی فیدراڵی بۆ هونەر، فەرهەنگ، خزمەتگوزاری شارستانی و وەرزش،  بەخشرا بە سەنتەری لابۆری شانۆی لالش.

سەنتەری شانۆی لالش لە ساڵی 1998 لە ڤیەننا لەلایەن نیگار حەسیب و شەماڵ عومەر دامەزراوە، ناوەندێکی ئەزموونییە بۆ لێکۆڵینەوە و پێرفۆرمانس و نمایشکاریی نێوان کولتوورە جیاوازەکان.  لە ماوەی 24 ساڵی کارکردنیدا، گەشەی کردووە و بووەتە یەکێک لە گرنگترین و  ناودارترین ناوەندی هونەری لە نەمسادا.

 لە رێی ئامڕاز و کەرەسەی جۆراوجۆری  هونەرییەوە، شانۆ، پێرفۆرمانس و نمایش، مۆسیقا، دەنگ  لە بەرهەمەکانیدا، نمایشی میوانەکان و فۆرماتی جۆراوجۆری وۆرکشۆپ لە سەنتەری شانۆی لالشدا پێشکەش دەکرێن.

 لەم ساڵانەی دواییدا  بەشێوەی دیجیتاڵیش کاری ئەنجامداوە. لە رێگەی فۆرمە جیاوازەکانی دەربڕینەوە، هونەرمەندان کە کۆنتێکستی ژیاننامەی جۆراوجۆر خۆیان  هەیە، بیر لە واقیعە جیاوازەکانی ژیانیان دەکەنەوە لە فۆرمی جیاوازدا، بۆ سەردانکەران و هەروەها بۆ خودی بەشداربووانیش.

لە رێوڕەسمەکەدا لە گفتوگۆیەکی تایبەتی نیگار حەسیب قەرەداخی بە سەرۆک کۆماری نەمسای گوت: "ئێمە 30 ساڵ لەمەوبەر وەکو دوو هونەرمەندی کورد پەناهەندەی ئەم وڵاتە بووین، ئێستاش خۆشحاڵین و شانازی دەکەین بەوەی کە بەڕێزتان خەڵاتی هونەری نەمسا دەبەخشنە ئێمە".

.
.
.