ژووری پارێزەرانی مێردین: لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی هێرشەکەی نسێبین سنووردار کراوە
K24 - هەولێر
ژووری پارێزەرانی مێردین رایدەگەیەنێت، لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان سنووردارکراوە و ئەگەر کەسوکاری قوربانییەکان داوا بکەن، ئەوان ئامادەن هاوکاری یاساییان پێشکەش بکەن.
ژووری پارێزەرانی مێردین راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد: "تاوەکو ئێستا شەش کەس بە تۆمەتی پەیوەندیبوون لە هێرشەکەی نسێبین بۆسەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەستبەسەرکراون و دوو لەوان ئازادکراون و بڕیاری سنووردارکردنی دۆسیەکە دراوە".
ژووری پارێزەرانی مێردین راشیگەیاند: "لە سەرەتای رووداوەکەوە ئێمە چاودێری دۆسیەکەمان کردووە، ئەگەر کەسوکاری قوربانییەکان داوا بکەن، ئێمە ئامادەین هاوکاری یاساییان پێشکەش بکەین".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەشکراوە: "پێویستە تۆمەتباران بهێندرێنە بەردەم دادگا و لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵ بکرێت".
شەوی 18/1/2023، لەسەر رێگەی نسێبین-ی سەر بە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان، هێرشی چەکداری کرایە سەر ئۆتۆمبێلێکی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر بەرەو دیاربەکر دەچوون، لە ئەنجامدا پێنج هاووڵاتی دانیشتووی دهۆک کە ئەندامی یەک خێزان بوون گیانیان لەدەستدا.
ئەو رووداوە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و لە پەیامێکدا سەرۆک بارزانی رایگەیاند: "بە رووداوی هێرشكردنە سەر چەند هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان لە پارێزگای مێردینی توركیا زۆر خەمبارم".
هەروەها مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای رووداوەکە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "بە توندی ئەم تاوانە سەرکۆنە دەکەم، داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەین کە بە زووترین کات، هۆکارەکانی ئەنجامدانی ئەم تاوانە روون بکەنەوە و تاوانبارانیش رووبەڕووی دادگا بکەنەوە".