برای یه‌كێك له تۆمه‌تبارانی رووداوه‌كه‌ی مێردین: براكه‌م ماوه‌ی پێنج ساڵ بوو له دهۆك كاری ده‌كرد
K24 - هه‌ولێر:
برای یه‌كێك له تۆمه‌تبارانی كوشتنی هه‌ر پێنج هاووڵاتییه‌كه‌ی شاری دهۆك به كوردستان24ـی راگه‌یاند، بڕوا ناكه‌ن براكه‌یان ئه‌و تاوانه‌ی ئه‌نجامدابێت، هیواداریشن ئه‌گه‌ر تاوانه‌كه له‌سه‌ری ساخبووه‌وه، ئازاد نه‌كرێت و به سزای یاسایی خۆی بگات.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه (21ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، حه‌جی خالید ئه‌قدومان، برای یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی به‌تۆمه‌تی كوشتنی پێنج هاووڵاتییه‌كه‌ی شاری دهۆك له‌سه‌ر رێگه‌ی نسێبین – مێردین ده‌ستگیركراوه به كوردستان24ـی راگه‌یاند، "ئێمه‌ش نازانین رووداوه‌كه چۆن روویداوه و بۆچی براكه‌مان ئه‌و كاره‌ی ئه‌نجامداوه، له‌و بڕوایه‌دام براكه‌مان هیچ شتێكی هه‌ڵه‌ی نه‌كردووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ر كارێكی هه‌ڵه‌ی كردبێت، هیوادارین ئازاد نه‌كرێت و به سزای خۆی بگات".
ناوبراو ئه‌و چه‌نده‌شی خسته‌ڕوو، "براكه‌مان هه‌رگیز ده‌ستگیرنه‌كراوه و پێشووتر كه‌سی نه‌كوشتووه، بڕوا بكه‌ن ناتوانێت مریشكێك سه‌ر ببڕێت، نازانین چۆن كه‌وتووه‌ته نێو ئه‌و كێشه‌یه‌دا".
حه‌جی خالید ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "براكه‌م ماوه‌ی نزیكه‌ی پێنج ساڵ بوو له كۆمپانیا‌یه‌كی شاری دهۆك سه‌رقاڵی كاركردن بووه، ئه‌مڕۆ ده‌بێته چوار رۆژ كه مۆڵه‌تی وه‌رگرتبێت و گه‌ڕابێته‌وه مێردین، پێمانگوت، بۆ گه‌ڕایته‌وه، گوتی، مۆڵه‌تم وه‌رگرتووه و چه‌ند رۆژێك لێرانه ده‌مێنمه‌وه، دواتر ده‌گه‌ڕێمه‌وه دهۆك". گوتیشی، "هاوژین و منداڵه‌كانی لێره‌ن و خانووه‌كه‌یشی هه‌ر لێره‌یه، ته‌نها بۆ كاركردن ده‌چووه دهۆك و دواتر بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك ده‌گه‌ڕایه‌وه".
زیاتر گوتی، "رۆژێك دوای رووداوه‌كه، نزیكه‌ی كاتژمێر 12:00ـی نیوه‌ڕۆ زانیمان پێنج هاووڵاتی دهۆك كوژراون و براكه‌شمان به‌هۆی تێوه‌گلانی له رووداوه‌كه‌وه ده‌ستگیركراوه".