بە فیلمێکی سەهیم عومەر خەلیفە گرنگترین فێستیڤاڵی بەڵگەفیلمی بەلجیکا دەستپێدەکات

له‌تیف ئه‌لعانی، باوكی فۆتۆگرافه‌رانی عێراقی
له‌تیف ئه‌لعانی، باوكی فۆتۆگرافه‌رانی عێراقی

K24 – هه‌ولێر:

بەڵگەفیلمێکی سەهیم عومەر خەلیفە دەرهێنەری کورد، لەبارەی لەتیف ئەلعانی، فۆتۆگرافەری عێراقی، وەک فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵی بەڵگەفیلمی دوکڤێلا هەڵبژێردراوە و لە بەشی فیلمە بەلجیکییەکانیش لە کێبڕکێدایە.

بەڵگەفیلمەکە بەناوی "جوانیی شاراوەی عێراق"ـە، تێیدا باس لە لەتیف ئەلعانی و بەرهەمەکانی دەکات کە وێنەی زۆری لە باشووری کوردستان گرتووە، بە تایبەتیش سەرکردەکانی کورد، لەوانە مەلا مستەفا بارزانی، سەرۆک مه‌سعود بارزانی و ئیدریس بارزانی.

فێستیڤاڵی بەڵگەفیلمی دوکڤێلا بە گرنگترین فێستیڤاڵی بەڵگەفیلمە لە بەلجیکا دەناسرێت و لە شاری لۆڤین لە 22-30ـی ئازاری 2023 بەڕێوەدەچێت و یەکێک لەو فێستیڤاڵانەیە کە براوەی فیلمی لیژنەی دادوەری، دەچێتە لیستی درێژی پاڵێوراوان بۆ خەڵاتی ئۆسکار.

"باوکی هونەری فۆتۆگرافی عێراقی" نازناوێکە خەڵک بە لەتیف ئەلعانیان داوە کە بە کامێراکەی ژیانی رۆژانەی لە عێراق و باشووری کوردستان تۆمارکردووە. فیلمەکە لە 2020 لە بەغداد و چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان وێنەگیراوە و ساڵێک دوای وێنەگرتنی، ئەو فۆتۆگرافەرە کۆچی دوایی کردووە و بە گشتی بەرهەمهێنانی پێنج ساڵی خایاندووە.

لەم بەرهەمەدا تیشک خراوەتە سەر ژیانی ئەو هونەرمەندە و وێستگە گرنگەکانی ژیانی و لە بەشێکیدا باس لە پەیوەندی لەگەڵ کورد و تێڕوانینی بۆ کوردستان کراوە.

لەم بەرهەمەدا لاس بێلگاس بەرهەمهێنەری سەرکییە و لە نووسین و دەرهێنانی فیلمەکەدا هاوکاری خەلیفە بووە، هەروەها سۆمەریان بۆ بەرهەمهێنانی دراما لە عێراق و "Faitesunvoeu" لە فەرەنسا بەرهەمهێنەرینە، جگە لە کەناڵی "ART"ـی فەرەنسی و 12 کەناڵی دیکە بەرهەمهێنەری هاوبەشی فیلمەکەن.

لەتیف ئەلعانی، لە 18 تشرینی دووەمی 2021 لە تەمەنی 89 ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشییەوە لە بەغداد کۆچی دواییکرد.

سەهیم عومەر خەلیفە ده‌رهێنه‌ری كورد
سەهیم عومەر خەلیفە ده‌رهێنه‌ری كورد
432
23432
232
121
1221
212
ئاهه‌نگێكی كوردی، وێنه‌ له‌تیف ئه‌لعانی