سوپای عێراق رێگری له‌ جووتیارانی گوندی په‌لكانه‌ ده‌كات زه‌وییه‌كانیان به‌كاربهێنن

هێزێكی سوپای عێراق - ئه‌رشیف
هێزێكی سوپای عێراق - ئه‌رشیف

K24 - هه‌ولێر:

جارێكی دیكه‌ سوپای عێراق هه‌ڵیكوتایه‌ سه‌ر گوندی په‌لكانه‌ و رێگری له‌ جووتیاره‌ كورده‌كانی ئه‌و گونده‌ ده‌كات زه‌وییه‌كانیان به‌كاربهێنن.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (22ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، په‌یامنێری كوردستان24 له‌ كه‌ركووك رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ جارێكی دیكه‌ سوپای عێراق هه‌ڵیكوتایه‌ سه‌ر گوندی په‌لكانه‌ له‌ سنووری پارێزگای كه‌ركووك و رێگری له‌ جووتیاره‌ كورده‌كانی ئه‌و گونده‌ ده‌كات زه‌وییه‌كانیان به‌كاربهێنن. په‌یامنێری كوردستان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "پەلكانە بەهێزی سەربازی گەمارۆدراوە"

محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی ناحیه‌ی سەرگەڕانی سه‌ر به‌ پارێزگای كه‌ركووك به‌ كوردستان24ی راگەیاند، ئامر لیوای 31ی سوپای عێراق كە ناوی "حەسەن هادییە" لەسەر داوای عەرەبە هاوردەكان بەهێزێكی سەربازییەوە هاتووه‌تە گوندی پەلكانە و هەڕەشەی لە جووتیاران كردووه‌، كە بەهیچ شێوەیەك نابێت زەوییەكانییان بەكاربهێنن.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هێزەكەی سوپای عێراق دەستیان بەسەر كەرەستە كشتوكاڵییەكاندا گرتووە و مەڕەشەكانی ئاودانیان لێكردووه‌ته‌وه‌. 

نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان داواشی لە سەركردایەتی كورد و پەرلەمانتاره‌ كورده‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرد فریایان بكەون.