تۆمه‌تبارانی رووداوه‌كه‌ی مێردین ره‌وانه‌ی دادگا كران

ره‌وانه‌كردنی تۆمه‌تبارانی رووداوه‌كه‌ی مێردین بۆ دادگا | وێنه‌: حه‌سه‌ن كاكۆ - كوردستان24
ره‌وانه‌كردنی تۆمه‌تبارانی رووداوه‌كه‌ی مێردین بۆ دادگا | وێنه‌: حه‌سه‌ن كاكۆ - كوردستان24

K24 - هه‌ولێر:

هه‌ر شه‌ش تۆمه‌تباری رووداوه‌كه‌ی مێردین كه‌ تێیدا پێنج هاووڵاتیی دانیشتووی شاری دهۆك كوژران، ره‌وانه‌ی دادگا كران.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (23ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، حه‌سه‌ن كاكۆ، په‌یامنێری كوردستان24 له‌ دیاربه‌كر رایگه‌یاند، دوای چوار رۆژ له‌ ده‌ستگیركردنیان، ئه‌مڕۆ هه‌ر شه‌ش تۆمه‌تباره‌كه‌ی رووداوه‌كه‌ی مێردین كه‌ تێیدا پێنج هاووڵاتی شاری دهۆك كوژران، ره‌وانه‌ی دادگای مێردین كران.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان24، یه‌كێك له‌و شه‌ش تۆمه‌تبارانه‌ ژنه‌ و پێش هه‌ر پێنج تۆمه‌تباره‌كه‌ی دیكه‌ ره‌وانه‌ی دادگای مێردین كراوه‌.

په‌یامنێری كوردستان24 ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "دوو ئه‌گه‌ر بۆ به‌ڕێوه‌چوونی پڕۆسه‌ی دادگاییكردنه‌كه‌ هه‌ن؛ یه‌كه‌میان، داواكاری گشتی مێردین وته‌ له‌ تۆمه‌تباران وه‌رده‌گڕێت و دواتر پڕۆه‌سه‌ی دادگاییكردنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت. ئه‌گه‌ری دووه‌میشیان، به‌ڕێوه‌چوونی پڕۆسه‌ی دادگاییكردنه‌كه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ به‌بێ وه‌رگرتنی وته‌ له‌ تۆمه‌تباران، چونكه‌ پێشووتر هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی مێردین وته‌یان له‌و تۆمه‌تبارانه‌ وه‌رگرتووه‌".

 

 

دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ (22ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، كوردستان24 وێنه‌ی تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی رووداوه‌كه‌ی مێردینی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تێیدا پێنج هاووڵاتیی شاری دهۆك گیانیان له‌ده‌ستدا.

شەوی 18/1/2023، لەسەر رێگەی نسێبین-ی سەر بە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان، هێرشی چەکداری کرایە سەر ئۆتۆمبێلێکی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر بەرەو دیاربەکر دەچوون، لە ئەنجامدا پێنج هاووڵاتی دانیشتووی دهۆک گیانیان لەدەستدا.

ئەو رووداوە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و لە پەیامێکدا سەرۆک بارزانی رایگەیاند: "بە رووداوی هێرشكردنە سەر چەند هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان لە پارێزگای مێردینی توركیا زۆر خەمبارم".

هەروەها مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای رووداوەکە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "بە توندی ئەم تاوانە سەرکۆنە دەکەم، داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەین کە بە زووترین کات، هۆکارەکانی ئەنجامدانی ئەم تاوانە روون بکەنەوە و تاوانبارانیش رووبەڕووی دادگا بکەنەوە".