سه‌رۆكی هه‌رێم و شاندێكی باڵای نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان گفتوگۆ له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردن و دۆخی شنگال ده‌كه‌ن

دیمه‌نێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌
دیمه‌نێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ شاندێكی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌كات و پرسی هه‌ڵبژاردن، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، شه‌ڕی دژی تیرۆر و دۆخی ئێزدییه‌كان و شنگالیان تاوتوێكرد.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (24ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023)، نێچيرڤان بارزانى، پێشوازى له‌ رۆزمارى ديكارلۆ، بريكارى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروبارى سياسى و بنياتنانى ئاشتى و شاندێكى ياوه‌رى كرد كه‌ له‌ جينين پلاسخارت نوێنه‌رى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق و چه‌ند به‌رپرسێكى ديكه‌ى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان پێكهاتبوو.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نێچيرڤان بارزانى ستايشى رۆڵى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كانى له‌ عێراق كرد چ له‌ كاركردن له‌ نزيكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان چ له‌ هه‌رێمى كوردستان، چ له‌ عێراق، وه‌ك هاوكار و يارمه‌تيده‌رێك بۆ رێگه‌خۆشكردن بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و پاراستنى سه‌قامگيرى و ئاشتى.

له‌باره‌ى دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستانيشه‌وه‌، نێچیرڤان بارزانی دووپاتیكرده‌وه،‌ كه‌ش و زه‌مينه‌يه‌كى له‌بار بۆ كۆبوونه‌وه‌ى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان به‌تايبه‌تى پارتى و يه‌كێتى و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان هه‌يه كه‌ رێخۆشكه‌ر ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و پرسه‌كانى تايبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردن و ده‌ستنيشانكردنى رۆژێك بۆ ده‌نگدان.‌

هه‌روه‌ها سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و ئه‌و كه‌شه‌ ئه‌رێنييه‌ى له‌م دواييه‌ بۆ گفتوگۆى نێوان هه‌ردوولا و هه‌وڵى چاره‌سه‌ره‌كردنى كێشه‌كان هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، به‌‌تايبه‌تى ده‌رباره‌ى ياساى بودجه‌ى عێراق و ياساكانى نه‌وت و گاز و دابه‌شكردنى داهاته‌كان، يارمه‌تيده‌ر ده‌بێت بۆ ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات.

راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌وه‌شكردووه‌، هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر گرنگيى جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنى پێكهێنانى حكومه‌تى فيدراڵيى عێراق و كارنامه‌كه‌ى، هه‌روه‌ها پێويستی به‌رده‌وامي هه‌ماهه‌نگى و هاوكاريى هه‌ردوو حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و فيدراڵي له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش به‌تايبه‌تى له‌ ناوچه‌كانى ماده‌ى 140، جه‌ختيشيان له‌ گرنگى جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنى هه‌ولێر و به‌غدا بۆ ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى شنگال كرده‌وه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق، وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هابه‌ش، گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.