هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین گەیشتە به‌رزترین ئاست

"رۆژانه‌ یەک ملیۆن و 400 هه‌زار بەرمیل نه‌وتی ئێران هه‌نارده‌كراوه‌"

K24 - هەولێر

هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین لە مانگی رابردوودا گەیشتە یەک ملیۆن و چوارسەد هەزار بەرمیلی رۆژانە، کە ئەمەش زۆرترین بڕی هەناردەی نەوتی ئێرانە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا.

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی بۆ رێگری لە فرۆشتنی نەوتی ئێران فشارەکانی خۆی بۆ سەر چین زیاتر دەکات. بەرپرسێکی ژووری بازرگانیی تارانیش دەڵێت، تەنانەت وڵاتانی هاوپەیمانی ئێرانیش لە ژێر کاریگەری گەمارۆکانی ئەمەریکادا، پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی خۆیان لەگەڵ ئێران سنووردار کردووەتەوە.

لەگەڵ کەم بوونەوەی هیواکان بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی، ئەمجارە ئەمەریکا بازاڕی نەوتی ئێران لە چین دەکاتە ئامانج.

رۆبێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵی بلومبێرگ، بە ئاماژەکردن بەوەی چین ئامانجی سەرەکیی هەناردەی نایاسایی نەوتی ئێرانە، باسی لە هەوڵەکانی وڵاتەکەی بۆ وازهێنانی چین لە کڕینی نەوتی ئێران کردووە و رایگەیاندووە، هەناردەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران بۆ چین، لە مانگەکانی رابردوودا زیادیکردووە و پێدەچێت ئەم کارەش بە هاوکاریی مالیزیا کرابێت.

بە گوتەی رۆبێرت مالی ئەمەریکا ناتوانێت، هەموو گەمارۆ ئابوورییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ بکات، جەختیشی کردووەتەوە کە وڵاتەکەی هەر کارێک کە پێویست بێ دەیکات، بۆ ئەوەی هەناردەی نەوتی ئێران رابگرێت.

ئاشکراشی کردووە، هەوڵەکانی زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەکە تاڕادەیەکی زۆر تووشی شکست بوون و ئەمەریکا ئێستا ئیدی دانوستانەکانی لە بەرنامەی کاری خۆی دەرهاویشتووە و گوشارەکانی بۆسەر ئێران زیاتر دەکات.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کۆمپانیای ورتسکا کە زانیاریی کەشتییە نەوت هەڵگرەکان شرۆڤە دەکات، هەناردەی ئێران لە رێگای کەنداوەوە لە مانگی رابردوودا نزیک یەک ملیۆن و چوارسەد هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بووە کە ئەمە زۆرترین بڕی هەناردەی ئێران لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودایە.

سەرەڕای ئەو ئامارە نوێیەش مێهرداد عیماد ئەندامی دەستەی نوێنەرانی ژووری بازرگانیی تاران بە ئاژانسی ئیلنای راگەیاندووە، جیا لە وڵاتانی ئەورووپا، کاریگەریی گەمارۆکان و فشارەکانی ئەم دواییەی ئەمەریکا گەیشتووەتە وڵاتانی هاوڕێ و هاوپەیمانی ئێران و لەوانەش چین و ئیمارات و عێراق و ئەم وڵاتانەش ئیستا پابەندی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمەریکان و پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی خۆیان لەگەڵ ئێرانیان زۆر کەم کردووەتەوە.