"رووداوەکانی هاتووچۆ لە سلێمانی کەمبوونەتەوە"

پارێزگای سلێمانی
پارێزگای سلێمانی

K24 - سلێمانی

بەگوێرەی ئاماری بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لە ساڵی 2022 لە بەراورد بە ساڵی 2021 رووداوەكانی هاتووچۆ لە پارێزگای سلێمانی كەمتر بووە، هاوكات  چەندین پڕۆژەی رێگاوبان لە پارێزگای سلێمانی چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، كە رۆڵیان دەبێت لە كەمتر كردنەوەی قەڕەباڵغی هاتووچۆ لە شەقامە سەرەكیەكانی ناو سەنتەری شاری سلێمانی.

كەمبوونەوەی رووداوەكانی هاتوچۆو، بە پلەی یەك  دەگەڕێتەوە بۆ پابەندبوونی شۆفێران بە تاسا و رێنماییەکانی هاتووچۆ.

بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆی  سلێمانی، بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتووچۆ و پابەندكردنی شۆفێران بە رێنمایەكانییەکان، لە ساڵی 2022 زۆرترین تیمی   هاتووچۆیان لە شەقامەكان بەتایبەت لەو شەقامانەی كە زۆرتر رووداوی هاتووچۆیان تێدا تۆماركراوە داناوە.

بەهمەن عەبدوڵڵا، وتەبێژی بەرێوبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی بە کوردستان24ی گوت: "لە ساڵی رابردوودا مەفرەزەکانی هاتووچۆ رۆڵێکی باشیان هەبووە لە کەمبوونەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ، چونکە شوفێری سەرپێچیکار کاریگەری هەیە لەسەر رووداوی هاتووچۆ".

گوتیشی: "لە ساڵی 2022 نزیکەی 1500 ئۆتۆمبێل لە سنووری سلێمانی دەستیان بەسەردا گیراوە، هەروەها چوار هەزار و 616 کەسیش لەسەر بەکار‌هێنانی ئامێری پەیوەندییکردن لەکاتی شوفێریکردن لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە".

بەپێی ئامارەكانی بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لە ساڵی رابردوودا 1044 رووداوی هاتووچۆ تۆماركراون، 174 كەس لەو رووداوانە گیانیان لەدەستداوە، زۆرترین رووداوەكانیش لە رێگای بازیان و چەمچەماڵ و عەربەت تۆماركراون.