سەندیکاى پارێزەران: دادگای فیدراڵی لە سنوورى تایبەتمەندى یاساییى خۆى دەرچووە

"بڕیاری دادگای فیدراڵی نایاساییی و نادەستوورییە"

K24 – هەولێر

سەندیکاى پارێزەرانی کوردستان رایدەگەیەنێت: دادگای فیدراڵی بڕیارێکى نایاساییی و نادەستووری دژ بە هەرێمى کوردستان و هاووڵاتییانى دەرکرد و ئەو دادگایە لە سنوورى تایبەتمەندى یاساییى خۆى دەرچووە.

لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی دوایین بڕیاری دادگای فیدراڵی دژی هەرێمی کوردستان، سەندیکاى پارێزەرانی کوردستان رایگەیاند: "چەند ساڵێکە ئەو دادگایە، کۆمەڵێک بڕیارى نادادپەروەرانەى نایاساییانە دژ بە ئیڕادە و چارەنووسى دانیشتوانى کوردستان و قەوارەى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەردەکات".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "دادگاى باڵاى فیدراڵ لە سنوورى تایبەتمەندى یاساییى خۆى دەرچووە و لە بری ئەوەى بڕیارەکانى دادگاى باڵاى فیدراڵ ببنە هەوێنى تەباییى و پێکەوەژیان، هەروەها دادگاکە خۆى ببێتە (صمام الامان)ى پاراستنى دەستوور و ماددەکانى، بەداخەوە دادگاکە بۆتە بەشێک لە کێشە و بەربەست لەبەردەم چارەسەرکردنى یاساییى کێشەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق و بە ئاشکرا و بە رۆژى رووناک، پێچەوانەى بنەماکانى دەستوورى عێراق، بڕیار دەردەکەن".

دەقی راگەیەندراوی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان:

بەداخەوە رۆژى چوارشەممە رێکەوتى 25/1/2023 دادگاى باڵاى فیدڕاڵى عێراق، بڕیارێکى نایاساییی و نادەستووری دژ بە هەرێمى کوردستان و هاووڵاتییانى دەرکرد.

چەند ساڵێکە ئەو دادگایە، کۆمەڵێک بڕیارى نادادپەروەرانەى نایاساییانە دژ بە ئیڕادە و چارەنووسى دانیشتوانى کوردستان و قەوارەى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەردەکات، کە بەپێى دەستوور، ماف و شایستەکانى جێگیرکراون و هیچ دادگایەکى عێراقى، تەنانەت دادگاى باڵاى فیدراڵیش، ناتوانێت فەرامۆشیان بکات و دانیان پێدا نەنێت.

دادگاى باڵاى فیدراڵ لە سنوورى تایبەتمەندى یاساییى خۆى دەرچووە و لە بری ئەوەى بڕیارەکانى دادگاى باڵاى فیدراڵ ببنە هەوێنى تەباییى و پێکەوەژیان، هەروەها دادگاکە خۆى ببێتە (صمام الامان)ى پاراستنى دەستوور و ماددەکانى، بەداخەوە دادگاکە بۆتە بەشێک لە کێشە و بەربەست لەبەردەم چارەسەرکردنى یاساییى کێشەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق و بە ئاشکرا و بە رۆژى رووناک، پێچەوانەى بنەماکانى دەستوورى عێراق، بڕیار دەردەکەن.

بە بیرى هەمووانیش دەهێنینەوە، کە دەبوایە بەپێى ماددەى (92) لە دەستوورى هەمیشەییى عێراق، یاسایەکى نوێ بۆ پێکهێنانى دادگاى باڵاى فیدراڵ دەربکرایە بە زۆرینەى دوو لەسەر سێى ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق.

کەچى ئەو دادگایە یاسایەکى سەربەخۆی بۆ دەرنەکراوە، تەنیا لە ساڵى 2021 هەموارکردنى فەرمانى پریمەرى ژمارە (30)ى ساڵى (2005) کراوە و لەکاتى هەموارکردنەکەش رەچاوى زۆرینەى دوو لەسەر سێ نەکراوە و کۆى بڕیارەکانى پێچەوانەى دەستوورە.

بۆیە بۆ سنووردان بۆ بڕیارە نادەستوورییەکانى ئەو دادگایە، داواکارین دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن وو دادوەرییى هەرێمى کوردستان، دەستبەجێ هەموو پەیوەندییەک بەو دادگایە بپچڕێنن و دەسەڵاتى دادوەریى هەرێمى کوردستانیش، دوو نوێنەرەکەى خۆى لە دادوەرە بەرێزەکانى هەرێمى کوردستان، لە دادگاکە بکێشێنێتەوە.

سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان