قەتەر بە بەهای 27 ملیار دۆلار بەشداری لە پڕۆژەکانی تۆتال لە عێراقدا دەکات

كێڵگه‌یه‌كی عێراق
كێڵگه‌یه‌كی عێراق

K24 – هه‌ولێر:

کۆمپانیای قەتەر ئینێرجی دەیەوێت بە بەهای 27 ملیار دۆلار بەشێک لە پشکی پڕۆژەکانی کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی لە عێراق وەربگرێت و هەردوو کۆمپانیا لە گفتوگۆدان لەو بارەیەوە و متمانەیەکی زۆریش هەیە کە گرێبەستەکە واژوو بکرێت.

رێککەوتنی کۆمپانیای تۆتال ئینێرجی لەگەڵ عێراق کە پێویستی بە وەبەرهێنانی سەرەتایی بە بڕی 10 ملیار دۆلارە و ئامانجی بەرەوپێشبردنی ئابووری عێراق و کەمکردنەوەی پشتبەستنی بە غازی ئێرانە، هێشتا دەستی پێ نەکردووە .

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، کۆمپانیای قەتەر ئینێرجی لە گفتوگۆدایە بە بەهای 27 ملیار دۆلار بەشێک لە پشکی پڕۆژەکانی کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی لە عێراق وەربگرێت.

لە راپۆرتەکەی ئاژانسی رۆیتەرزدا هاتووە: کۆمپانیای قەتەر ئینێرجی بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی بەدەستهێنانی پشکی نزیکەی 30%ی پڕۆژەکە دەکات و هەردوو کۆمپانیا لە گفتوگۆدان لەو بارەیەوە و متمانەیەکی زۆریش هەیە کە گرێبەستەکە واژوو بکرێت.

ئه‌و رێككه‌وتنه‌، دوای سەردانەکەی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە ئەیلوولی 2021 هات، بەڵام پڕۆژەکە کە ئامانجی بەرەوپێشبردنی ئابووری عێراق و کەمکردنەوەی پشتبەستنی بە غازی ئێرانە، هێشتا دەستی پێ نەکردووە .

ڕێککەوتنەکە بریتییە لە دروستکردنی تۆڕێک بۆ کۆکردنەوەی غازی سروشتی بۆ دابینکردنی وێستگەکانی کارەبای ناوخۆیی لە ڕێگەی فراوانکردنی کێڵگەی ڕەتاوی و دروستکردنی دامەزراوەیەکی فراوانی پاککردنەوەی ئاوی دەریا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کێڵگەکانی دیکە بە تەکنەلۆژیای دەرزی ئاو و دروستکردنی وێستگەیەکی گەورەی وزەی خۆر لە بەسرە.

سەرچاوە نزیکەکانی رێککەوتنەکە لە شوباتی 2022 ڕایانگەیاندبوو، کە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە کە تا ئێستا رانەگەیەندراوە و پێشتریش بڵاونەکراوەتەوە، ئەمەش نیگەرانی لای سیاسەتمەدارانی عێراقی درووستکردووە.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تۆتال ئینێرجیز دوای راگەیاندنی رێککەوتنەکە رایگەیاند، کە عێراق بەشێکی سەرەکییە لە گرنگیدانی کۆمپانیاکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماژەی بەوەشکرد، "تۆتال ئینێرجیز" بەدوای هاوبەشدا دەگەڕێت و دەیەوێت پشکەکانی 40٪ بۆ 50 بمێنێتەوە.

ئێستا کۆمپانیای قەتەر ئینێرجی، تۆتال وەک هاوبەشێک هەڵدەبژێرێت بۆ پەرەپێدانی باشووری مەیدانی باکوور  کە پشکەکانی 9.37%ە.

بەپێی زانیارییەکانیش محەمەد شیاع سودانی لە سەردانەکەیدا بۆ پاریس لەگەڵ پاتریک پویان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تۆتال ئینێرجیز کۆدەبێتەوە، وەک هەوڵێک بۆ دەستپێکردنی پرۆژەکە.

کۆمپانیاکانی وزەی فەرەنسی و قەتەر هاوبەشییەکی نزیکیان هەیە لە کەرتی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی قەتەر و پڕۆژەی گەورەی وزەیان لە سەرانسەری جیهاندا هەیە، لەوانە پڕۆژەکانی نامیبیا و باشووری ئەفریقا.

ئا: ئارام كاكه‌خان