نهێنییه‌ سەرسوڕهێنەره‌كه‌ی بارسێلۆنا له‌ژێر ده‌ستی چاڤی

چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا
چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا

ئه‌گه‌ر به‌راوردی ئاماره‌كانی نێوان وەرزی ئێستا و وەرزی ڕابردووی لالیگادا بكه‌ین ئەوەمان بۆ ده‌ركه‌وێت کە بارسێلۆنا پێشکەوتنێكی گەورەی بەدەستهێناوە، بەڵام ڕیاڵ لە هەمان پرۆسەی پێشووی بەردەوام بووە.

 بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاس، ڕیال مەدرید لە دوایین یاریدا به‌ یه‌كسانبوون به‌رامبه‌ر سوسیداد ڕێگەیدا جیاوازییەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا لە پێشەنگی ڕیزبەندی خولەکەدا بۆ پێنج خاڵ بەرزبێتەوە، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا بوو بارسێلۆنا به‌ گۆڵێكی بێبه‌رامبه‌ر هه‌فته‌ی رابردوو له‌ جامی شا له‌ سوسیدادی برده‌وه‌، له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌ بارسێلۆنا له‌ لالیگا ڕۆژی شەممەی رابردوو توانی بە گۆڵێکی پێدری لە جیرۆنا بباتەوە. بەم شێوەیە بارسا بووه‌ پاڵەوانی قۆناخی یه‌كه‌م، كاتێك دوای 18 یاری بارسا بە 47 خاڵ پێشەنگی ڕیزبەندی گرتووە و ڕیالیش بە 42 خاڵ لە پلەی دووەمدایە.

 بەراوردێک لەگەڵ وەرزی ڕابردوو لە خاڵێکی ده‌ریده‌خات کە ڕیاڵ جیاوازییەکی ئەوتۆی نەبووە، به‌ڵام بارسێلۆنا به‌ره‌وپێش رۆیشتووه، وەرزی ڕابردوو یانەی ڕیال دوای 18 یاری 43 خاڵی بەدەستهێنا و لە پێشەنگ بوو، بەڵام بارسێلۆنا بە 28 خاڵ لە پلەی حەوتەمدا بوو.  ڕیاڵ لەم کاتەدا تەنیا یەک خاڵ لە وەرزی ڕابردوو کەمترە، بەڵام بارسا توانی 19 خاڵ زیاتر بەدەست بهێنێت.

 ئامارەکان دەریدەخەن کە یانەی ڕیال مەدرید بە بەراورد بە وەرزی ڕابردوو هیچ گۆڕانکارییەکی بەرچاوی لەڕووی هێرشبەری و بەرگریدا نەبووە. ڕیال 39 گۆڵی تۆمار کردبوو، 15 گۆڵی لێکرابوو، لەم وەرزەشدا دوای 18 یاری 38 گۆڵی تۆمارکردووە و 16 گۆڵی لێکراوە.  جیاوازی گۆڵەکانی ڕیاڵ لە +24 بۆ +22 دابەزیوە.

به‌ڵام وەرزی ڕابردوو، دوای 18 یاری، بارسا 29 گۆڵی تۆمارکرد و 22 گۆڵی لێکرا، بەڵام ئەمساڵ 37 گۆڵی تۆمارکردووە و تەنها 6 گۆڵی لێکراوە. بە بەهێزکردنی هێڵی بەرگری و بەهۆی درەوشاوەیی تێر شتیگنی گۆڵپارێز، چاڤی توانی بارسا بە بەراورد بە وەرزی پێشوو بگۆڕێت.

 وەرزی ڕابردوو یانەی ڕیال دوای 18 یاری، 225 لێدانی هەبووە، کە ئەم وەرزەش 218 لێدانی ئاراستە کردووە.  ئەم ئامارە بۆ بارسا لە 118 لێدانەوە بۆ 217 لێدان بەرزبووەتەوە.  لە وەرزی پێشوودا 53 لێدان بۆ گۆڵی بارسا ئاراستە کراوە، بەڵام ئەم ژمارەیە لەم وەرزەدا بۆ 46 لێدان دابەزیوە. به‌ڵام ڕیاڵ هەمان ریالی وەرزی ڕابردووە.

بەم ئامار و داتایە بۆمان دەردەکەوێت، لەچاو وەرزی پار، ریاڵ وەکو خۆی ماوەتەوە، کەچی ئاستی بارسێلۆنا بەرز بووەتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە سێ كلاسیكۆی دیكه‌ له‌ چاوه‌ڕوانی دوو جه‌مسه‌ره‌ گه‌وره‌كه‌ی ئیسپانیا ریال و بارسایه‌.

ئا: محەمەد شەهدی