کچێكی عێراقی دوای گەڕانەوەی لە تورکیا لەلایەن باوکیەوە دەکوژرێت

تیبە عەلی
تیبە عەلی

K24 - هەولێر:

کچێكی عێراقی کە کەسایەتییەکی ناسراوی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، پاش ئەوەی لە ئیستانبوڵەوە دەگەڕێتەوە عێراق، لەلایەن باوکیەوە دەکوژرێت.

بە گوێرەی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، تیبە عەلی ماوەیەک لە ئیستانبوڵ ژیاوە و لەوێ گەنجێکی سووری بەناوی محەمەد ئەلشامی ناسیووە، کە دواتر داوای هاوسەرگیری لێکردووە، تیبە ویستوویەتی رەزامەندی خانەوادەکەی بەدەستبهێنێت، هەربۆیە خێزانەکەی لە بابەتەکە ئاگادارکردووتەوە، بەڵام ئەوان رازی نەبوون، دوای گەڕانەوەشی بۆ عێراق، باوکی بە پاساوی "پاککردنەوەی شەرەف" کووشتوویەتی.

رێکخراوی Isen بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لەبارەی ئەو رووداوەوە رایگەیاند، ئەمە تاوانێکی دیکەیە دژی ئافرەتانی عێراق لەژێر شەرەفێکی ساختەدا، تیبە نموونەی ژنانی عێراقە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو رێکخراوە، تیبە پێشتر بەهۆی ئەوەی لەلایەن براکەیەوە گێچەڵی سێکسی پێکراوە، لە خانەوادەکەی دوورکەوتووەتەوە و چووەتە تورکیا، کاتێکیش محەمەد ئەلشامی داوای هاوسەرگیری لێکردووە، هەرچەندە خۆی رازی بووە بەو هاوسەرگیرییە بەڵام خانەوادەکەی رەتیان کردووەتەوە.

ئاماژە بەوەشدرا، سەرەڕای ئەوەی لەلایەن خانەوادەکەیەوە هەڕەشەی لێکراوە، بەڵام ئەو بۆ سەردانی جامی کەنداو 25 هاتووەتە عێراق.

دوای ئەوەی خانەوادەکەی بەزۆر لە بەغداوە دەیبەنە دیوانیە، باوکی تیبە دەخنکێنێت و دواتر خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکان دەکات.