سوودانی رێگەکانی مەرگ چاکدەکاتەوە

kurdistan24.net

K24 - بەغدا

محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەکەیەنێت، پلانیان هەیە قەرەباڵغی شەقامەکانی بەغدا کەم بکەنەوە و ئەو شەقامانەش چاک بکەنەوە کە بە رێگای مەرگ ناسراون، هاوکات بەنگین رێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نشتەجێبوون رادەسپێرێت تاکو پلانەکانی بونیادنانی پرد و رێگاوبانەکان جێبەجێ بکات.

جەنجاڵی و قەرەباڵغی شەقامەکانی بەغدا بەتایبەت لە رۆژانی دەوامی فەرمی فەرمانگەکان، کێشەی گەورەی بۆ شۆفێران دروستکردووە، چونکە زۆر جار بە هۆی قەرەباڵغیەوە رێگەیەکی 10 خولەکی بە 2 بۆ 3 کاتژمێر دەبڕیت.

 بەنگین رێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نشتەجێبوونیش بەڵێنی داوە هەموو هەوڵێک بخاتە گەڕ تا لە کابینەی حکومەتەکەی سوودانیدا، بە دروستکردنی شەقام و میکانزمی نوێ قەرەباڵغی شەقامەکانی بەغدا کەم بکاتەوە، هەر لەو چوارچێوەدا شەقامێکی نوێی خێرایان بە درێژی 15 کلیۆمەتر دروستکردەوە، کە لە دوای 35 ساڵ بۆ یەکەم جارە شەقامی لەو جۆرە دروستبکرێت، رێگایەکی کورتکراوەیە و بەغدا دەبەستێتەوە بە شارەکانی خواروی عێراقەوە.

بەنگین rێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونی عێراق بە کوردستان24ی گوت: "دروستکردنی ئەو رێگەیە ئاسانکاری زۆر دەکات و قەرەباڵغی کەمدەکاتەوە".

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەینێت کە لە میتۆدی حکومەتەکەیدا دەیان پڕۆژەی رێگاوبانی و پردی تێیدا، پاڵپشتی تەواوی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نشتەجێبوونیش دەکەن تاکو ئەو رێگەکانی دەرەوەی شار کە زۆرترین رووداوی هاتووچۆی تیا دەبێت، چیتر نەبن بە رێگەی مەرگ.

محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان گوتی: "بەرنامەی حکومەتەکەی ئێمە لە چوارچێوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بونیادنانی رێگاوبان و چەندین پرد لە خۆ دەگرێت، بە تایبەت لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەش بەمەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی، چونکە بەداخەوە هەندێک رێگەی دەرەکی گرنگ هەیە بۆ هاووڵاتییان پێی دەگوترێت رێگەی مەرگ".

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نشتەجێبوونی عێراق هەفتەی رابردوو، بەمەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی شەقامەکانی بەغدا، 30 پڕۆژەی دروستکردنی رێگاوبانی نوێی پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران کردووە .