بڵند ئیسماعیل: بڕیارەکەی دادگای هەولێر لەبارەی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی پەیوەندی بە پارتییەوە نییە

"هیوادارین دۆخی ناوخۆی یەکێتی گرفت بۆ حکومەت و پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دروست نەکات"
kurdistan24.net

K24 – هەولێر

بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی رایدەگەیەنێت، بڕیارەکەی دادگای هەولێر لەبارەی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی هیچ پەیوەندیەکی بە پارتییەوە نییە و بڕیاری دادگایە، دەشڵێت: "هیوادارین دۆخی ناوخۆی یەکێتی گرفت بۆ حکومەت و پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دروست نەکات.

بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "پارتی دوای کۆنگرە پلانێکی پتەوی داناوە، بۆ سەردانیکردن و گفتوگۆ کردن لەگەڵ لایەنەکان، بۆ ئەوەی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت، هەروەها ئەو کێشە و گرفتانەی لەنێوان لایەنەکان هەیە چارەسەر بکرێن، پێویستە لایەنەکان لەسەر ئەوە رێکبکەون پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە، بۆ ئەوەی یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش کارا بکرێتەوە".

سەبارەت بە بۆچوونی لایەنەکان، بڵند ئیسماعیل گوتی: "پێشتر گرفت هەبوو لەسەر شێوازی هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و لیستی دەنگدەران، ئەوان داوایان کرد هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردن بکرێتە چوار بازنە، پارتی لەوەشیان رازی بوو، چونکە ئێمە لە هەڵبژاردن ناترسین، ئەوەی داواکراوە پارتی بە هەمووی رازی بووە، بۆیە هیچ ئاستەنگێک نییە دەبێ ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت".

لەبارەی دواخستنی وادەی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی کە بڕیاربوو رۆژی شەممەی داهاتوو لە هەولێر ئەنجامبدرێت، ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەڵێت: "وادەی کۆبوونەوەکە لەلایەن برادەرانی یەکێتی بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە، هیوادارین بڕیارێکی دادگای هەولێر نەبێتە هۆکار بۆ دواخستنی کۆبوونەوەکان".

گوتیشی: "ئەو بڕیارەی دادگای هەولێر هیچ پەیوەندییەکی بە پارتییەوە نییە و بڕیارێکی دادگایە، هیوادارین کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی نەبنە هۆی ئەوەی پەرلەمانی کوردستان نەتوانێت دانیشتن بکات و هەڵبژاردن، و گرفت بۆ حکومەت و کۆی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دروست بکرێت".