بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار شاندێکی عێراق دەچێتە ئەمەریکا

سوودانی سەرۆکایەتی شاندەکە دەکات
kurdistan24.net

K24 - بەغدا

بڕیارە 8ی ئەم مانگە شاندێک بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی سەردانی ئەمەریکا بکات، لەگەڵ وەزارەتی گەنجیە و بانکی فیدراڵی ئەمەریکا کۆببنەوە، لیستی ناوی ئەو بانکانەش دەدەنە حکومەتی ئەمەریکا کە تۆمەتبارن بە بەقاچاغ بردنی دۆلار لە عێراقەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت بۆ وڵاتی ئێران. حکومەتی عێراقیش کارەکانیانی راگرتووە، مامەڵەکارانی دراو ئەو سەردانیە بە تاکە ئومێد دەزانن بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی.

دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی بازاڕەکانی عێراقی شێواندووە و نرخی خۆراک و کەلوپەل بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، لە بەغدا خەڵکێکی هەژار بۆ پێداویستی رۆژانە روو لە بازاڕی باب شەرجی دەکەن، بەڵام داکەوتنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار توانای کڕیارانی کەمکردووەتەوە، بۆیە ئەمە بازاڕی لە جوڵە خستووە.

عەلی محەممەد یەکێکە کاسبکارانی بەغدا دەڵێت: "بازاڕەکەمان گڕی گرتووە دۆلار سەروماڵمان سوتاندوین، کەس ناتوانێت شتومەک بکڕێت هەموو شتێکی گران کردووە، هەر پارچەیەک 10 هەزار دینار چووەتە سەری وەڵا ئیشمان نەماوە تا کەی وا ئەبێت هەر دەبێت دڵمان لای بەرزبوونەوە و دابەزینی دۆلار بێت، حکومەتداری کەی وا دەبێت بەهای دۆلار دابەزێنن بۆخاتری خوا کارەبا و ئاو خزمەتگوزاریمان نییە و گران بوونی دۆلاریشی هاتە سەر".

سەرجەم ئەو رێکارانەی کە حکومەتی عێراق گرتوینەتیە بەر بۆ پاراستنی بەهای دیناری عێراقی شکستی هێناوە، بانکی فیدراڵی ئەمەریکیش تا دێت گوشارەکانی زیاتر دەکات لە سەر بانکی ناوەندی عێراقی تا رێگری بکەن لە بە قاچاغ بردنی دولار بۆ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت بۆ ئێران.

قاسم تەمیمی، سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئابووری نیشتمانی بە کوردستان24ی گوت: "لە ساڵی 2003ـەوە دۆلار بە قاچاغ دەبرێتە دەرەوەی عێراق، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆ ساڵانی رابردوو ئەمەریکا قسەی نە دەکرد و ئێستا تەنگی بە عێراق هەڵچنیوە؟ بۆیە من پێم وایە ئەگەر هەڵە نەبم ئەمەریکا سیاسەتێکی نوێ دژی وڵاتانی دراوسێی عێراق پەیڕەو دەکات و پشکی بەر عێراقیش دەکەوێت ".