ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان به‌دواداچوون بۆ كاریگه‌ری به‌رزبوونه‌وه‌ به‌های دۆلار له‌سه‌ر سوودمه‌ندانی یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون ده‌كات

محه‌ممه‌د شوكری، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
محه‌ممه‌د شوكری، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، هه‌وڵده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی نرخی دۆلار له‌ وه‌رگرتنی قیستی سوودمه‌ندانی یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون له‌ نرخی بازاڕ كه‌متر هه‌ژماربكرێت.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی (3ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، محه‌ممه‌د شوكری، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، لەگەڵ بەشێک لە بانکەکان و یەکێتی وەبەرهێنەران قسەیان کردووە بۆ ئەوەی سوودمەندانی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە پێدانی قیستەکانیاندا بەهۆی دابەزینی بەهای دینارەوە زەرەرمەندنەبن.

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان روونیكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلار به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستا‌ به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا هه‌وڵده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی وه‌به‌رهێنان بڕیارێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتییان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سوودمه‌ندانی یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون به‌ نرخی كه‌متر له‌ بازاڕ قیسته‌كانیان بده‌ن.

هه‌روه‌ها محه‌ممه‌د شوكری جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه‌، چه‌ند وه‌به‌رهێنه‌رێك ئاماده‌یی خۆیان نیشانداوه‌ بۆ ئه‌و هه‌نگاوه‌ و هه‌وڵده‌ده‌ن ئه‌وه‌ بكه‌نه‌ نموونه‌یه‌ك بۆ هه‌موو پرۆژه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرده‌وه‌، كه‌ ناجێگیری به‌های دۆلار كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كان دروستكردووه‌.