ئەردۆغان: ئەقڵییەتی تاک حزبی لە سندووقەکان دەنێژن

K24 – هەولێر

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایدەگەیەنێت، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئەقڵییەتی تاک حزبی لە تورکیا لە سندووقەکانی هەڵبژاردن دەنێژن، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە).

ئەردۆغان، لەمیانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی کردنەوەی دوو پڕۆژە لە ناوچەی سوڵتانبەیلی ئیستانبوڵ وتارێکی پێشکەش کرد، لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتوو لە تورکیا گوتی: "لە 14ی ئایاردا، تەنها بە ماڵئاوایی کردن لە سەرۆکی جەهەپە ناوەستن، بەڵکو ئەقڵییەتی تاک حزبیش لە سندووقەکان دەنێژن".

گوتیشی: "ئەوان پێویستیان بە دەستخۆشی لێکردنی ئەورووپا هەیە، بەڵام ئێمە پێویستمان بەوەیە گەلەکەمان "دەستخۆشیمان لێبکات.

بڕیارە لە 14/5/2023، هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بەڕێوەبچێت، لە ئێستاوە لایەنەکان پڕوپاگەندەی پێشوەختەیان دەستپێکردووە و بەتایبەتی پارتەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن رۆژانە لێدوانی دژ بە یەک دەدەن.