وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا: ژماره‌یه‌ك وڵات به‌مه‌به‌ست نوێنه‌رایه‌تییه‌كان له‌ ئه‌نقه‌ره‌ داخستووه‌

مه‌ولوود چاویش ئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا
مه‌ولوود چاویش ئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا

K24 - هه‌ولێر:

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا پێیوایه‌ مه‌به‌ستێك له‌دواوه‌ی داخستنی ژماره‌یه‌ك كونسوڵخانه‌ و باڵیۆزخانه‌ی وڵاتانی رۆژئاوا له‌ ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌ختی ئه‌و وڵاته‌ هه‌یه‌. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئەگەر هۆكاره‌كه‌ له‌به‌ر بوونی هەڕەشەی تیرۆریستی بێت، نابێت ئاگادارمان بکەنەوە کە ئەم هەڕەشەیە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟"

رۆژی هه‌ینی (3ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، مه‌ولوود چاویش ئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سانتیاگۆ کافیرۆ، وەزیری کاروباری دەرەوە و بازرگانی نێودەوڵەتیی ئەرجەنتین، لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی سەبارەت بە داخستنی نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی هەندێک لە وڵاتان بە شێوەیەکی کاتی له‌ ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌ختی ئه‌و وڵاته‌، گوتی: "ئەو وڵاتانە کە کونسوڵخانە یان باڵیۆزخانەکانی خۆیان داخستووە بێ ئەوەی وردەکارییەکان لەگەڵ ئێمەدا هاوبەشی پێ بکەن، ئەم هەنگاوانەیان بە مەبەست ناوە".

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بانگهێشتکردنی باڵیۆز و نوێنەرانی نۆ وڵات بۆ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کە هۆشداریی ئەمنییان بڵاوکردووەتەوە و بەشێوەیەکی کاتی بەشێک لە کۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتییە دیپلۆماتییەکانیان لە تورکیا داخستووە، چاوشئۆغڵو رایگەیاند، هەندێک لە وڵاتانی رۆژئاوا هەموو خزمەتگوزارییەکانی ناو باڵیۆزخانەکانیان راگرتووە یان باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانیان داخستووە.

چاوشئۆغڵو بە بیرهێنانەوەی ئەوەی کە نوێنەرایەتییە ئاماژەپێکراوەکان نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و کۆنسوڵخانەکانیان بە شێوەیەکی کاتی و بە بیانووی بوونی "هەڕەشەی تیرۆریستی" داخستووە، گوتی: "ئەگەر هەڕەشەی تیرۆریستی هەبێت، نابێت ئاگادارمان بکەنەوە کە ئەم هەڕەشەیە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ هاتوون و پێمان دەڵێن، 'زانیاریمان هەیە، مەترسی هەیە، بۆیە دایدەخەین'. کەواتە لە کێوە هاتووە، کێ ئەوە دەکات؟ هیچ زانیارییەک نییە. دەبێت ئەم زانیارییانە بگوازنەوە بۆ یەکە ئەمنی و هەواڵگرییەکانمان".

چاوشئۆغڵو جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان پێیان وایە لێدوانەکانیان و داخستنی کونسوڵخانەکانیان مەبەستی لە دواوەیە. "چاوەڕوانی هەندێک راستی و دروستییان لێدەکەین"

وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو بە ئاماژەدان بەوەی کە دوێنێ لەگەڵ بەشێک لە وەزیران و وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، واپکی هاوێکسترا کۆبووەتەوە، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا و باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لە ئەنقەرە ئەو داواکاریانەی لێرەوە وەریدەگرن دەینێرن بۆ ئیستانبوڵ و لە کۆتایی هەفتەدا دەست بە راییکردنی کاروباری ڤیزە دەکەن کە ئەمەش نیشانەی نیازپاکییە.

چاوشئۆغڵو گوتیشی: " هەندێک وڵات بەبێ هیچ روونکردنەوەیەک و بە مەبەست باڵیۆزخانه‌كانی خۆیان بە شێوەیەکی کاتی لە تورکیا داخست. ئەگەر بیانەوێت لەو رێگەیەوە بڵێن کە 'تورکیا ناسەقامگیرە، هەڕەشەی تیرۆریستی لە تورکیادا هەیە'، ئەمە لە هاوپەیمانیدا جێگەی نابێتەوە، خزمەت بە ئامانجەکەیان ناگەیەنێت، بۆیە چاوەڕوانی هەندێک راستی و دروستییان لێدەکەین".

وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو راشیگەیاند، پەیامێکیان بە باڵوێزان و نوێنەرانی نۆ وڵات داوە کە "نابێت لێرە خزمەت بە ئەجێندای رێکخراوە تیرۆریستییەکان بگەیەنن". 

ناوبراو هاوکات رایگەیاند کە دوای سووتاندنی قورئان له‌ به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌كه‌یان له‌ سوید، وەزارەتی ناوخۆی توركیا رێوشوێنە ئەمنییەکانی بە تایبەتی بەرامبەر نوێنەرایەتیی هەندێک وڵات زیادکردووە و ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان هەستیارن بەرامبەر بەو بابەتانە.

چاوشئۆغڵو بە ئاماژەدان بەوەی هەندێک لە وڵاتانی ئەورووپا کە هیچ پەیوەندییەکیان بەم رووداوەوە نەبووە، باڵیۆزخانه‌كانیان داخستووە، گوتی: "هەروەها ئەوەش دەزانین کە هەندێک وڵات بە هەندێکی دیکە دەڵێن ' ئێوەش بەشداری ئەم چالاکیی داخستنە بکەن'. ئاشکرایە ئەم لێدوان و داخستنانە مەبەستێکی لە دواوەیە و ئێمە هۆشداریی تەواومان داوە. ئەگەر بەبێ بوونی بەڵگە دووبارە کارێکی ئاوا بکەن، ئێمەش هەنگاوی زیاتر دەگرینەبەر. دوێنێ ئەم پەیامەمان پێداون".