بەهای دۆلار عێراقییەکان دێنێتەوە سەر شەقام

مۆڵەتی هەفتەیەک بە حکومەتی عێراق دەدرێت
kurdistan24.net

K24 - بەغدا

بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمەریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی کاردنەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە و توڕەیی شەقامی عێراقی لێکەوتەوە، خۆپیشاندەرانی تشرینیەکانیش تەنها یەک هەفتە مۆڵەتیان بە حکومەتی عێراق داوە و دەڵێن: ئەگەر بەهای دۆلار نەگەڕێتەوە دۆخی جاران، ئەوە دەگەڕێنەوە نێو گۆڕەپانی تەحریر و مانگرتن رادەگەیەنن.

داکەوتنی بەهای دیناری عێراقی قەیرانێکی نوێیە و توڕەی خەڵکی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەجۆرێک دوێنێ 3/2/2023، تشرینیەکان هاتنەوە نێو گۆڕەپانی تحریر و تەنها یەک هەفتە مۆڵەتیان بە حکومەت داوە، ئەگەر بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی دانەبەزێت مانگرتن رادەگەیەنن هاوشێوەی ساڵی 2019.

یەکێک لە خۆپیشاندەرەکان بەناوی محەممەد سامی خۆپیشاندەر بە توڕەییەوە دروشمی دژی ئەم دۆخەی عێراق دەگوتەوە و بە کوردستان24ی گوت: "لە ساڵی 2003ـەوە ئەمانە چیان بۆ عێراق کردووە؟ ئەوە دۆلاریش گران بوو دەیانەوێت تۆڵەمان لێ بکەنەوە یان چی دەکەن؟، چونکە هیچ سوودێکیان بە عێراق نەگەیاندووە، ئەمانە هەموویان دز و دوو روون نۆکەری وڵاتانن، هەموو حزبەکان هەر وان، نۆکەری ئێرانن خێرتان نییە بۆ ئەم وڵاتە".

گرانی بازاڕ و نەبوونی خزمەگوزاری، وەک گورزێک تەماشا دەکرێت دژ بە کابینەی حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی، چونکە دواجار سەدرییەکانیش چاویان لەوەیە کە نیگەرانیەکانی هاووڵاتیان زیاتر بێت و بێنەوە سەرشەقام".

زیاد جەواد، یەکێکی دیکە بوو لە خۆپیشاندەرانی بەغدا و دەڵێت: "چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت چی بکات وڵاتەکەی وێران کردووە؟، بەڕاستی ئەمانە پیاوی دەوڵەتداری نین، دۆلار فڕیوە من خانەنشینم، وەڵا مووچەکەم بەشی پێنج رۆژ ناکات، جاری وا هەیە منداڵەکانم بە دوو رۆژ نان ناخۆن".

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، هەموو هەوڵێک دەدات تاکو دیناری عێراق لەوە زیاتر بەهاکەی لە دەست نەدات، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە 8ی ئەم مانگە سەردانی ئەمەریکا بکات و دانوستانەکانی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینە و بانکی فیدراڵی ئەمەریکی دەست پێبکات.