ئۆپۆزسیۆنی سوریا: ئاگربه‌ست هیچ شتێك ناگۆڕێت
K24 – هه‌ولێر
ئۆپوزسیۆنی چه‌كداری سوریا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئاگربه‌ست پیشاندا، كه حكوومه‌تی سوریا بۆ ماوه‌ی سێ رۆژی ئاگه‌ربه‌ست له ته‌واوی وڵات راگه‌یاندووه.
حكوومه‌تی سوریا رۆژی چوارشه‌ممه له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاگربه‌ست بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ له ته‌واوی وڵات راگه‌یاند، كه بۆ ماوه‌ی 72 كاتژمێر هێزه‌كانی سه‌ر به حكوومه‌ت هیچ هێرش و جموجوڵێكی سه‌ربازی ئه‌نجام ناده‌ن.
له لایه‌كی تره‌وه‌ی شه‌وی رابردوو هاوپه‌یمانی ئۆپۆزسیۆنی چه‌كداری سوریا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئاگربه‌ست پیشاندا، كه پاش ئاگربه‌ستی نێوده‌وڵه‌تی، به یه‌كه‌م ئاگربه‌ستی ناوخۆیی ئه‌ژمار ده‌كرێت.
ئاگربه‌سته‌كانی دیكه‌ی سوریا به گوشاری نێوده‌وڵه‌تی بۆ دانوستان یان گه‌یاندنی یارمه‌تی مرۆیی بۆ هه‌ندێ له ناوچه‌كانی شه‌ڕ و ئابلۆقه‌دراو بووه.
به‌ڵام ئاگربه‌ستی ئه‌مجاره به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ و به‌بێ ده‌ستێوه‌ردانی نێوده‌وڵه‌تی راگه‌یه‌نرا، كه ئامانجیشی ئارامی رۆژه‌كانی جه‌ژنی ره‌مه‌زانه.
ئۆپۆزسیۆنی سوریا، له‌گه‌ڵ پیشاندانی ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئاگربه‌ست رایگه‌یاند ئه‌و ئاگربه‌سته هێچ شتێك له‌سه‌ر عه‌رز ناگۆڕێت.