نووسینگەی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە عەفرین دەکرێتەوە

تیمەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی هاوکاری دەگەیەننە زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە لە سنووری عەفرین
دوو کارمەندی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە سنووری عەفرین - فۆتۆ: ستار ئەحمەد - کوردستان24
دوو کارمەندی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە سنووری عەفرین - فۆتۆ: ستار ئەحمەد - کوردستان24

K24 – هەولێر

بە مەبەستی گەیاندنی کاروانی هاوکارییەکان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، دەزگای خێرخوازی بارزانی نووسینگەیەک لە عەفرین دەکاتەوە.

رەواج حاجی، سەرپەرشتیاری تیمی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان، بە کوردستان24ی راگەیاند، شەوی رابردوو تیمەکانیان گەیشتووتەنە شارۆچکەی جندرێس لە سنووری عەفرین، کە یەکێکە لەو ناوچانەی بەهۆی بوومەلەرزە زیانی زۆری گیانی و ماددی بەرکەوتووە، ئەمڕۆ تیمەکانیان دەستبەکاردەبن بۆ دابەشکردنی هاوکاری بەسەر لێقەوماوان.

گوتیشی: "دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان رادەستی نەخۆشخانەی عەفرین دەکەین، چونکە نەخۆشخانەی جندرێس بەهۆی بوومەلەرزەوە نەماوە".

ئاشکراشی کرد، بە مەبەستی گەیاندنی هاوکاری زیاتر بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە، نووسینگەی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە عەفرین دەکەنەوە و رۆژانە کاروانی هاوکارییەکان دەگاتە ناوچەکە و بەسەر زیانلێکەوتووان دابەشی دەکەن.

ئیسلام یوسف، پەیامنێری کوردستان24 لە جندرێس ئاماژەی بەوەکرد، خەڵکێکی زۆر لەو سنوورە لەبن دارەکان دەژین و بێ جێ و ماڵن و جگە لە دەزگای خیرخوازی بارزانی هیچ رێکخراوێکی خێرخوازی و مەدەبی بۆ بەهاناوەچوونی خەڵک نەهاتوونەتە ناوچەکە.