جه‌مال كۆچه‌ر هۆكاره‌كانی دواكه‌وتنی په‌سندكردنی بودجه‌ی گشتی عێراق ئاشكراده‌كات

K24 – هه‌ولێر:

له‌باره‌ی دواكه‌وتنی بودجه‌ی گشتی 2023ـی عێراق، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق، رایده‌گه‌یه‌نێت، هۆكاره‌كان پتر سیاسی، ئابووری و هونه‌ریین.

جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق، به‌ ژووری هه‌واڵی كوردستان24ـی راگه‌یاند،   دواكه‌وتنی په‌سندكردنی بودجه‌ی 2023ـی عێراق، بۆ كێشه‌كانی ئابووری، هونه‌ری و سیاسی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هه‌روه‌ها دواكه‌وتنی پێكهێنانی ئه‌م حكومه‌ته‌ی ئێستای عێراق هۆكارێكی دیكه‌ بوو.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق گوتی: "بودجه‌ له‌سه‌ر دوو بنه‌مای سه‌ره‌كی ئاماده‌ده‌كرێت، ئه‌وانیش بابه‌تی داهات، هه‌روه‌ها خه‌مڵاندنی داهات به‌ نرخی دۆلار و به‌رزبوون و نزمبوونه‌وه‌ی به‌های دینار، كه‌ به‌شێكن له‌و كێشانه‌ی په‌سندكردنی بودجه‌ی 2023ـی عێراقییان دواخستووه‌".

هه‌روه‌ها جه‌مال كۆچه‌ر گوتیشی: "هۆكارێكی دیكه‌ی دواكه‌وتنی په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی 2023ـی عێراق، رێكنه‌كه‌وتنی به‌غدا و هه‌ولێر و كێشه‌ سیاسییه‌كانی نێوانیانه‌".

ده‌شڵێت: "ره‌نگه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی نێوان هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه‌كانی پێكهێنه‌ری حكومه‌تی ئێستای عێراق، له‌ داهاتوودا كاری پێنه‌كرێت، هاوشێوه‌ی نه‌ناردنی 200 ملیاردیناره‌كه‌ی به‌غدا، بودجه‌ش بێ كورد له‌ په‌رله‌مانی عێراق تێپه‌ڕێنن".