فوئاد حوسێن: لەگەڵ ئەمه‌ریکا لەبارەی کێشەی دراو گەیشتینە رێککەوتنێکی باش

K24 – هه‌ولێر:

له‌ هه‌ڤپه‌یڤینێكی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ كوردستان24، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق كه‌ سه‌رۆكایه‌تی شاندی عێراقی كرد بۆ واشنتن، ناوه‌ڕۆكی گفتوگۆكانی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكای خسته‌ڕوو.

فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، لە سەردانمان بۆ ئەمه‌ریکا کێشەی دراومان تاوتوێ کرد و روونیكرده‌وه‌، ئەمه‌ریکا پشتگیری لە چارەسەرکردنی کێشەی دراو لە عێراق کرد.

هه‌روه‌ها وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاند، لە ماوەیەکی نزیکدا به‌های دۆلار له‌ بازاڕه‌كانی عێراقدا دادەبەزێت، دوای ئه‌وه‌ی لەگەڵ ئەمه‌ریکا لەبارەی کێشەی دراو گەیشتینە رێککەوتنێکی باش.

سه‌باره‌ت به‌ پرسی رێكخستنه‌وه‌ی بردنی دۆلار بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، فوئاد حوسێن ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، لەمەودوا بردنە دەرەوە و هێنانی دۆلار بۆ عێراق لەڕێگەی سیستمی ئەلیکترۆنییه‌وه‌ دەبێت و گوتیشی، دانانی سیستمی ئەلیکترۆنی لە بەرژەوەندی عێراق و دراوی دیناره‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، فوئاد حوسێن باسی له‌ ئاڵوگۆڕی بازرگانی عێراق كرد كه‌ له‌ وڵاتان مامه‌ڵه‌ی كڕینی كه‌لوپه‌ل به‌ دۆلار ئه‌نجامده‌دات و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه‌، چوونە دەرەوەی دۆلار لە عێراق بەشێکە لە پرۆسه‌ی بازرگانی.

له‌باره‌ی دۆخی ئه‌منی عێراقیشه‌وه‌، له‌ هه‌ڤپه‌یڤینه‌كه‌دا فوئاد حوسێن ئاماژه‌ی به‌ باشبوونی دۆخی ئه‌منی كرد و رایگه‌یاند، ئێستا بارودۆخی ئەمنی لە عێراق زۆر باشە.

دۆسیه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌جێندای كۆبوونه‌وه‌كانی شاندی عێراق بوو له‌گه‌ڵ به‌رسانی باڵای واشنتن و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاند، پەیوەندی ئێستای نێوان عێراق و ئەمه‌ریکا ئابوورییە و تەنیا سەربازی نییە، به‌ڵام " تا ئێستا عێراق پێویستی بە هێزەکانی ئەمه‌ریکایه‌".

هه‌روه‌ها له‌باره‌ی ئه‌ركی له ‌پێشینه‌ی ئەمه‌ریکا لە عێراق روونیكرده‌وه‌، ئه‌ركی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق گۆڕاوە و  کۆمپانیا ئەمه‌ریکییه‌كانیش بەڵێنیان داوە لە عێراقدا کاربکەن و دووپاتیشیكرده‌وه‌، کارکردنی کۆمپانیاکانی ئەمریکا لە عێراق نابێته‌ هۆی دروستكردنی نیگه‌رانی لای وڵاتانی دراوسێ.

فوئاد حوسێن گوتیشی، "عێراق قەرزی کۆمپانیاکانی رووسیای لایە و نەیداوەتەوە".

پرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌شێكی دیكه‌ی هه‌ڤپه‌یڤینه‌كه‌بوو، فوئاد حوسێن روونیكرده‌وه‌، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە رێگەی یاسایی چارەسەردەبن و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه‌ لاوازبوونی هەرێم لە بەغدا مەترسیدارە.

هه‌روه‌ها وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق باسی له‌ ئاماده‌كارییه‌كانی حكومه‌تی عێراق كرد بۆ ره‌شنووسی پرۆژه‌یاسی بودجه‌ی 2023ـی فیدراڵی و گوتی،‌" دەتوانین رەشنووسی بودجە رەوانەی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بکەین".

له‌باره‌ی دۆخی ناوخی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌، فوئاد حوسێن رایگه‌یاند، بۆ دۆخی هەرێم وا باشترە لایەنەکان رێکبکەون و ئاشكراشیكرد، لەمنزیکانە هه‌ردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە، هه‌روه‌ها روونیكرده‌وه‌، ئەمه‌ریکا و هاوپه‌یمانان دەیانەوێت پارتی و یەکێتی تەبابن.