ئه‌مه‌ریكا 100 ملیۆن دۆلاری وه‌ك هاوكاری بۆ زیانلێكه‌وتووانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا دابینكرد
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مه‌ریكا بڕی 100 ملیۆن دۆلار وه‌ك هاوكاری بۆ زیانلێكه‌وتووانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا دابینده‌كات.
ئه‌نتۆنی بلینكن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا گه‌یشته توركیا و فڕۆكه‌كه‌ی له بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌نجه‌رلیك دابه‌زی و له‌لایه‌ن مه‌ولوود چاوشئۆغلو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا پێشوازیلێكرا.
له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی بلینكن رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا بڕی 100 ملیۆن دۆلار بۆ زیانلێكه‌وتووانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی باكووری كوردستان و توركیا دابینده‌كات، كه 45 هه‌زار كه‌س به‌هۆیه‌وه گیانیان له‌ده‌ستدا.
بلینكن دووپاتی پاڵپشتی و هاوكاریكردنی توركیای هاوپه‌یمانی وڵاته‌كه‌ی كرده‌وه و هاوكارییه‌كانیش له بنكه‌ی ئه‌نجه‌رلیكی ئه‌مه‌ریكا له توركیا، بۆ ناوچه زیانلێكه‌وتووانی بوومه‌له‌رزه‌كه گواسته‌وه.
بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی باكووری كوردستان و توركیا له 6ـی شوبات به گوڕی 7.8 روویدا.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئاژانسی فرانس پرێس، بلینكن له رێگه‌ی هێلیكۆپته‌رێكه‌وه ناوچه زیانلێكه‌وتووه‌كانی هاتای له باشووری رۆژهه‌ڵاتی توركیای به‌سه‌ركرده‌وه.
هه‌روه‌ها بلینكن راشیگه‌یاند، كاتێك ناوچه زیانلێكه‌وتووه‌كان، باڵه‌خانه رووخاوه‌كان و قه‌باره‌ی رووداوه‌كان ده‌بینین، ئه‌وكات هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ین كه پێویسته هاوكاری توركیا بكه‌ین.
بلینكن گوتی: "ئێمه پابه‌ندین به هاوكاریكردنی توركیا".
وا بڕیاره بلینكن سبه‌ی بگاته ئه‌نقه‌ره و له‌وێ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا ببینێت.